"ئەو یانەیەی سەردەمانێک ناوی لەگەڵ یانە گەورەکان بوو، ئێستاش بچووك بۆته‌وه‌"

هیواکانی قەڵادزێ بۆ گەیشتن بە پلەیەک لە نێوان کێشەکانیدا

نووسینی: ئەحمەد هێرۆیی

قەڵادزێ ئەو یانەیەی سەردەمانێک ناوی لەگەڵ یانە گەورەکان بوو، خاوەنی چەند یاریزانێک بوو کە لە باشترینەکانی کوردستان بوون، بەڵام لە ئێستادا زۆر بە دەگمەن ناوی ئەم یانەیە لە ڕاگەیاندنەکان دەبیسترێت. ماوەیەکی زۆرە یانەی قەڵادزێ  لە خولی یانە پلە دووەکان گیری خواردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێ خستنی ئەم یانەیەوە لە ڕووی هاوکاری کردنی داراییەوە.

لە ئێستادا یانەکە هیچ بودجەیەکی نییە و داهاتێکی واشی نییە

هەموو داهاتی یانەی قەڵادزێ بریتیە لەو بڕە پارە کەمەی کە لە داهاتی یاریگایەک دەستی دەکەوێت، کە ئەو بڕە پارەیەش ئەوەندە کەمە شایەنی باسکردن نییە، لە کاتێک قەڵادزێ تەنها تیپی تۆپی پێی نییە و سەرجەم تیپەکانی تری یانەکە لەسەر ئەو داهاتە کەمەی یاریگاکەن.

 ساڵانە یانەی قەڵادزێ بە کۆکردنەوەی پارە لە چەند جێگایەک  و داواکردن لە بەرپرسانی شار هەرچۆنێک بێت بە کۆمەڵێک یاریزانی ناوخۆ بەشداری لە خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان دا دەکات، کە یاریزانەکان بڕێکی زۆر کەم پارە وەردەگرن بەراورد بە یاریزانانی یانەکانی تر، لە کاتێک دا یانە هەیە بڕی 100 ملیۆن بۆ ئەو خولە خەرج دەکات.

 قەڵادزێ شارێکە کانگای یاریزانە، بەڵام پشتگوێ خستن و گرنگی پێ نەدان هیوای سەدان گەنجی ئەو شارەی لە ناوبردووە.

ساڵانێکی زۆرە هاندەرانی یانەی قەڵادزێ لە چاوەڕوانی ئەوەدان یانەکەیان هەنگاوێک بنێت و پلە یەک سەر بکەوێت بۆ سەرەوە، بەڵام تا ئێستا ئەم ئاواتەی هاندەران تەنها وەک خەونێک ماوەتەوە و یانەکە تا ئێستا هەر لە خولی یانە پلە دووەکاندا ماوەتەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ئاستەنگانەشدا ئەمساڵ سەرۆکی یانە (مەلا فارس) دەیەوێت هەرچۆنێک بێت هاندەرانی ئەم یانەیە ئاشت بکاتەوە و هیوایەک بۆ وەرزش و تۆپی پێی ئەم شارە بگەڕێنتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند هەنگاوێکی جیاوازای گرتۆتە بەر لەوانەش.

۱- یانەی قەڵادزێ  هەر زوو دەستی بە ئامادەکارییەکانی کرد و پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە چەند هەفتەیەک پێش خولەکە دەستیان بە ئامادەکاری دەکرد، سەرەتا یانەی قەڵادزێ هەستا بە تاقیکردنەوەی کۆمەڵێک یاریزان بۆ ئەوەی باشترینەکانی ئەوان بۆ یانەکە بانگهێشت بکەن و دواتر کەمو کوڕییەکان بە هێنانی یاریزانی دەرەکی پڕبکەنەوە.

۲ـ  هۆکارێکی تر ئەوەیە ئەمساڵ یانەی قەڵادزێ دەستپێشخەری کرد لە ئەنجامدانی خولێک بە ڕەزامەندی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، کە لەگەڵ یانەی چوارقوڕنە هەستان بە ڕێکخستنی خولێکی دۆستانە بۆ یانە پلە دوو و  پلە سێیه‌کانی کوردستان، کە تیادا کۆمەڵێک یانە بەشدارییان تێداکردوو یانەی قەڵادزێ لەم خولە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردوو توانی هاوشانی پیرەمەگرون خۆی بگەیەنێتە  یاری کۆتایی.

3ـ یانەی قەڵادزێ  بە مەبەستی تۆکمەکردنی ڕیزەکانی هەستا بە واژۆکردنی بۆندێک لە گەڵ ڕاهێنەری بە توانا (ئیسماعیل ڕەزم) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێنانی چەند یاریزانێک لە ڕۆژهەڵاتەوە، هەروەها کارگێڕی قەڵادزێ توانیان بۆندی چەند یاریزانێکیان نوێ بکەنەوە کە لە یانەکانی تری کوردستانەوە گرێبەستیان پێشکەش کرابوو، هەروەها بە نیازیشن چەند بۆندێکی تر لە گەڵ کۆمەڵێک یاریزانی تردا واژۆ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەمساڵ بەبەهێزییەوە ڕکابەری گەیشتن بە خولی پلە یەک بکەن و خەونی هەوادارانیان بهێنە دی.