بۆ دابینکردنی گاز عێراق پێویستی بە 4 ساڵە

"پێویستە لە ئێستاوە بەدوای جێگرەوەی گازی ئێران دا بگەڕێت"

K24 - ھەولێر

لە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی بەخشینی عێراق لە کڕینی گاز لە ئێران، بەغدا پێویستی بە چوار ساڵ دەبێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی.

عەلی ئەلعەبودی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی عێراق رایگەیاندووە، عێراق بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی لە گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، پێویستی بە چوا ساڵ ھەیە، ئەو دۆخەش كاتێك روو دەدات كە ئەمەریكا بەخشینی كڕینی گاز لە ئێران لەلایەن عێراقەوە ، ھەڵبوەشێنێتەوە.

ئەلعەبودی ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق بۆ كارپێكردنی زیاتر لە 6 ھەزار مێگاوات كارەبا، پێویستی بە ھاوردەكردنی گاز ھەیە، ئەگەر بێت و ئەمریكا بەخشینەكەی ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەوە كێشە بۆ عێراق دروستدەبێت نەك ئێران، بۆیە پێویستە ھەر لە ئێستاوە بەدوای جێگرەوەی گازی ئێران بگەڕێین بەر لەوەی ئەمەریكا ئەو ھەنگاوە بنێت.

ھ.م