دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیھان دەستنیشان دەكرێن

رکابەری ساماندارانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

راپۆرتێك باس لەو وڵاتانە دەكات كە خاوەنی زۆرترین سامانن لە جیھاندا و ركابەرییەكی زۆر لەنێوان وڵاتاندا دروستبووە، بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی ئەمەریكا كەمبكەنەوە و لە ماوەی ساڵی 2019، ئەمەریكا و چین و ئەوروپا پشكیان لە ھەموو وڵاتانی دیكە زیاتر بووە، لە گەشەكردنی سامانی جیھان.

بەگوێرەی راپۆرتێكی بانكی كریدی سوێس، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكییەكان دەستیان بەسەر نزیكەی 30%ی سامانی جیھان دا گرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین وڵاتی دیكە لە ھەوڵی ئەوەدان لەو رووەوە ھەمان پێگەی ئەمەریكا بەدەستبھێنن، بەگشتی سامانی وڵاتانی جیھان لە ماوەی ساڵی رابردوودا 360 ترلیۆن دۆلار بووە، بەجۆرێك زیادەیەك بەرێژەی 2.6%ی تۆماركردووە.

لە ساڵی رابردوو ئەمریكا، چین و ئەوروپا پشكیان لە ھەموو وڵاتانی دیكە زیاتر بووە لەو گەشەكردنە، بەجۆرێك ئەمەریكا 3 ترلیۆن و 800 ملیار دۆلار ، چین ترلیۆنێك و 900 ملیار دۆلار و ئەوروپا ترلیۆنێك و 100 ملیار دۆلار زیادەیان تۆماركردووە، بەڵام لەھەمان ماوەدا بەرزترین تێكڕای گەشەكردن بەر ھیندستان كەوتووە، بەجۆرێك سامانی ئەو وڵاتە بەرێژەی 5.2% بەرزبووەتەوە.

راپۆڕتەكە 5 دەوڵەمەندترین وڵاتی لە جیھاندا دەستنیشان كردووە لە رووی زۆری سامانەوە و ریزبەندییەكە بەمشێوەیە:.

سامانی ئەمەریكا 106 ترلیۆن دۆلار

چین 63 ترلیۆن و 800 ملیار دۆلار

ژاپۆن 25 ترلیۆن دۆلار

ئەڵمانیا 14 ترلیۆن و 600 ملیار دۆلار

بەریتانیا 14 ترلیۆن و 300 ملیار دۆلار

ھاوكات سەبارەت بە دەوڵەمەندترین وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست بەم شێوەیە:.

سعوودیە ترلیۆنێك و 500 ملیار دۆلار

توركیا ترلیۆنێك و 300 ملیار دۆلار

ئیسرائیل ترلیۆنێك دۆلار

ئیمارات 922 ملیار دۆلار

میسر 898 ملیار دۆلار

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی ماڵپەڕی ھاوماچ، ھۆكاری ئەوەی كە ئەمەریكییەكان خاوەنی بەرزترین سامانن لە جیھاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ، گەشەیەكی گەورە لە كۆی بەھای سامانی چینی دەوڵەمەند تۆماردەكرێت، ھاوكات كۆنتڕۆڵكردنی ئەو بڕە زۆرەی سامان لەلایەن ئەمەریكا و ئاسیا، بووەتە ھۆكار كە چاودێرانی ئەو بوارە گرنگی زیاتر بە پێشكەوتنەكانی جەنگی بازرگانی نێوان ئەمەریكا و چین بدەن و پێشبینی دەكرێت كۆی سامانی دانیشتووانی سەر زەوی تاوەكو ساڵی 2024 بگاتە 459 ترلیۆن دۆلار.

ھ.م