بازاڕی سەوزە و میوە لە هەڵەبجە دروستدەکرێت

رووبەری بازاڕی سەوزە و میوەی هەڵەبجە 15 دۆنم زەویە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

ساڵانە بەرهەمێکی زۆری کشتوکاڵی لە پارێزگای هەڵەبجە بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام جووتیاران کێشەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەیە. بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیشیان دروستکردنی بازاڕی سەوزەو میوەی هەڵەبجە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ئەنجامدەدرێت، پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 15 دۆنم زەوی و بە گوژمەی 6 ملیۆن دۆلار بنیاد دەنرێت، بڕیارە لەماوە 4 ساڵدا تەواو بکرێت.

عەلوەی پارێزگای هەڵەبجەیە، تەواوی شوێنەکە کرێیە و سەرجەم دوکاندارەکان کرێچین. یەكێك لە كاسبكارانی عەلوەكە بەناوی محەمەد عەبدورەحمان، كە ماوەی 15 ساڵە لە عەلوەی ھەڵەبجە کاردەکات، بەڵام لەهەرکاتێکدا مەترسی دەرکردن یاخود زیادکردنی کرێی لەسەرە، وەک خۆی دەڵێت، شوێنەکە هیچ مەرجێکی تەندروستی نییە و ناشتوانن ساردکەرەوە یاخود شوێنێکی گونجاو بۆ سەوزەو میوەکانیان دابنێن، ئەمەش وادەکات لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ کێشەی زۆریان بۆ دروست ببێ.

بڕیارە لەماوەی 4 ساڵی داهاتوودا بازاڕێکی فرۆشتنی سەزەو میوە لە ھەڵەبجە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بکرێتەوە، جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵیت، خاوەن پڕۆژەکە دەستی بەکارەکانی کردوەو لەو ماوەی بۆی دیاریکراوە بازاڕەکە دروست دەکرێت و دەخرێتە خزمەت جوتیاران و فرۆشیارانی ناوچەكە.

ھ.م