ئیسرائیل 200 گه‌شتیاری كۆریای باشووری خستووه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت" بڵاویكرده‌وه، (200) گه‌شتیاری كۆریای باشوور له سه‌ربازگه‌یه‌كی باشووری قودس خراونه‌ته ژێر چاودێری وردی ته‌ندرووستییه‌وه.
وه‌زیری ناوخۆی ئیسرائیل، "ئارییه درعی" رایگه‌یاند، رێگه به گه‌شتی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بۆ ژاپۆن و كۆریای باشوور نادرێت و رێگه‌ش به‌وان ناده‌ین بێنه ئیسرائیله‌وه.
به هۆی گه‌یشتنی فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی "بنگۆریۆن" دوێنێ ئیسرائیل، باری له‌ناكاوی راگه‌یاند، و رێگه‌ی نه‌دا جگه له ئیسرائیلییه‌كان هیچ سه‌رنشینێكی دیكه‌ی فڕۆكه‌كه دابه‌زێت.
حكومه‌تی ئیسرائیل ئاشكرایكردوه، (7) گه‌شتیاری كۆریای باشوور، كه هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، به‌م دواییانه سه‌ردانی ئیسرائیلیان كردووه و به‌و هۆیه‌وه (200) كه‌س خراونه‌ته ژێر چاودێری پزیشكییه‌وه.