"ریال مه‌درید بۆ یاریزانه به‌هره‌مه‌ند و لاوه‌كان گۆڕستانه"
نووسه‌ر: نیهاد مه‌لائه‌سعه‌د
ئەو یاریزانانەی تازەدەرکەوتوون هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یان كردووه كه ڕوویان كردۆته ریال مەدرید، چونکە له‌و یانه‌یه دەرفەت بە ئەستێرەی تازە و پرشنگدار نادرێت تا له نێو بێرنابیۆ و ده‌ره‌وه‌ی بێرنابیۆ بدره‌وشێنه‌وه و خەونی بوون بە ئەستێرەیەکی گەورە و ناوازە بهێننه دی.
ریال مەدرید یاریزانێکی ئاماده‌كراوی دەوێت كه بەخێرایەکی خۆی لەگەڵ کەشوھەوای مەدرید و لالیگا و پاڵه‌وانێتییه گه‌وره‌كان بگونجێنێت، ئەمەش بۆ یاریزانی بەھرەمەندە و تازە دەرکەوتوو قورسە، چونكه له‌و یانه‌یه كاتی پێویست به یاریزانه لاوه‌كان نادرێت و ئارام له‌سه‌ر ئه‌ستێره بچووكه‌كان ناگیردرێت.
ئه‌گه‌ر ئاوڕ له ساڵانی رابردوو بده‌ینه‌وه ده‌بینین چەندین یاریزانی تازەپێگەیشتوو و لاو ساڵەھای ساڵە روویان لە ریال مەدریدی کردووە ھەر زوو بە کەمترین ده‌رفه‌ت و یاری وەک مۆمێکی کشومات کوژێنراونەتەوە و پوکاونەوە، چەندان نمونەی دیار ھەن کە پێشتر لە یانەکانیان گەوھەرێکی پڕشنگداربوون و داھاتویەکی گەورە چاوەرێیان بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پۆشینی درێسی به‌رگسپییه‌كانی مه‌درید خۆری ئاست و ته‌مه‌نیان به‌ره‌و ئاوابوون رۆیشت، له‌وانه (رۆبینھۆ، درێنتی، رۆبن، ئۆزێل، لۆرێنتی، کالیخۆن، ئۆدیگارد، ئیبراھیم دیاز و کۆبۆ ژاپۆنی) و چه‌ندانی تر.
تیۆ ھێرناندز، ئەشرەف حەکیمی، دانی سیبایۆس، ماریۆ دیاز، ڤینسیۆس و رۆدریگۆ، ته‌نانه‌ت لۆکا جۆڤیچ کە گۆڵکاری بۆندزلیگا بوو كه‌چی لە ١٠ یاری یارییەک بەتەواوی دەرفەتی بۆ نارەخسێ.
بیركردنه‌وه مەدرید هه‌میشه به جۆرێكه كه ده‌بێت ھەر پێت خستە نێو خاکی مەدرید و یاریگای بێرنابیۆ دەبێ نازناوت ھەبێت، ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌ت به راهێنه‌ریش نادرێت و ئه‌م فشاره راهێنه‌ره‌كانیشی گرتۆته‌وه، له ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه لۆپیتیخی و سۆلاری به‌دوای یه‌ك هێشتا نیوه‌ی قۆناخێكیان به ته‌واوه‌تی تێپه‌ڕ نه‌كردبوو به دوای یه‌كدا دوورخرانه‌وه، هه‌ر راھێنەرێکیش دێتە مەدرید بوێری ئەوەی نییه بڵێت بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان پێویستم بەکاتە، چونكه ئه‌و یانه‌یه به ئه‌سته‌م ده‌رفه‌ت به راهێنه‌ر و یاریزانه‌كان ده‌دات.