كۆرۆنا نرخی نەوتی دابەزاند
K24 - ھەولێر
بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە وڵاتانی دەرەوەی چین، مەترسی وەبەرهێنەران لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو ڤایرۆسە بەسەر ئابووری جیھان زیادیکردووە، بەوەش نرخی نەوت بە رێژەی 4% دابەزی.
گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی لە 3.8% دابەزین بۆ 56.30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هەروەها گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی خاوی تێکساس بە رێژەی 3.7% بۆ ئاستی 51.43 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزین.
فیل فلین، راوێژکارێكی دارایی لە پرایست فیوچەرز گرووپ لە شیکاگۆ دەڵێت، راپۆرتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسییەکانی لەسەر خواست زیادیکردووە، و ئەوەش لەسەر نرخی نەوت و پشکەکان رەنگی داوەتەوە، بە جۆرێک مامەڵەکاران یەکەمجار نەوتەکانیان دەفرۆشن دواتر پرسیار دەکەن هەنگاوی داهاتوویان چی بێت.