كۆرۆنا ده‌گاته‌ به‌رپرسانی ئێران

توشبوونی چەند بەرپرسێك پشتڕاست كراوەتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

تا دێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران پەرە دەستێنێت و چووەتە ناو بەرپرسانی ئێرانیشەوە. هاوکاتیش تووشبونی مەرجەعێکی شیعە لە شاری قوم ئاشکرا دەکرێت. 

ئیرەج حەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستی ئێران بە بڵاوکردنەوە ڤیدیۆیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشبوونی خۆی بە کۆرۆنا راگەیاند. هاوکات مەحموود سادقی نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران لە هەژماری تویتەری خۆی رایگەیاندووە، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و چیتر هیواشی بە ژیان نەماوە.

بەپێی دوایین هەواڵەکانیش ئایەتوڵڵا شەبیری زەنجانی، مەرجەعێکی شیعە بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی نووسینگەکەی قەرەنتینە کراون و سەرۆکی دەستەی ماڵی نووسینگەکەشی بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

پێشتریش چەند بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون لەوانە سەرۆکی زانکۆی پزیشکی شاری قوم و سەرۆکی شارەوانی ناوچەیەکی تاران. جگە لەمانەش کە پشتراست کراونەتەوە، دەنگۆی تووشبوونی محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و قائانی فەرماندەی سوپای قودس بڵاو کراوەتەوە.