روونكردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی پشووی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان ده‌درێت

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا رێكاری نوێ ده‌گرێته‌ به‌ر

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی رایگه‌یاند، پشووى زانکۆ و پەیمانگەکان لە (29/2 ) تا( 1/4) تەنها خوێندکاران و قوتابیان دەگرێتەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: لەپێناو پاراستنى سەلامەتی ژیانی هاووڵاتیان، ئەنجوومەنى وەزارەت هەڵمەتى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا رادەگەیەنێت و تیمە زانستییەکانى زانکۆکانیش هاوکار دەبن بۆ هۆشیارى تەندروستى، راوێژى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوە.

ئەم بڕیارەى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانى سەرپەرشتى کردنى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت هات کە بە ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و راگرى کۆلێژەکانى پزیشکى لە زانکۆکان بەڕێوەچوو.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: ناوەندە زانستى و پزیشکییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان، بەشدارى کاراو گرنگ لەم هەڵمەتە دەبینین بە تایبەتى بۆ راگەیاندنى هەڵمەتى خۆپاراستن بۆ رووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا.

له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ رووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر دوو ئاست چەند بڕیارێکى دەرکرد:

1- پێکهێنانى ژوورى عەمەلیاتى سەرەکى لەسەر ئاستى وەزارەت، بەسەرۆکایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و راوێژکارى وەزیر و سەرۆکى بۆردى کوردستانى و سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و راگرى کۆلێجە پزیشکییەکانى زانکۆکان.

2- دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە هەموو شارەکان لێژنەى هاوبەش پێکدەهێنن لە کۆلێجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەکان.

3- هەموو توانا مرۆییەکانى زانکۆکانمان لە پزیشکان و پسپۆڕان و ئەکادیمییەکانمان پشتیوانى وەزارەتى تەندروستى و دامودەزگاکانى تەندروستى دەبن.

4- ئەو تیمانەى لە ئاستى شارەکان پێکدێن هاوکار دەبن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشیەکە و پلانى چارەسەرو ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و راوێژ و راپۆرتى بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى.

5- هەموو ژێرخانى زانستى کۆلیجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و سه‌نتەرەکانى توێژینەوە لە خزمەت ئەم پرۆسەیە دەبن، بە تایبەت ئەو ئامێر و تەکنەلۆجیایانەى کە بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشییەکە سودیان لێوەردەگیرێت.

6- کۆمەڵانى خەڵک دڵنیا دەکەین کە خوێندنى باڵا پشتیوانى تەواو دەبێت پێکەوە دەتوانین لەم کارەدا سەرکەوتو بین.

هەر لە کۆبونەوەکەدا لەلایەن هەریەک لە سەرۆک زانکۆ و ئامادەبوان و ڕاگرى کۆلێژەکانى پزیشکى لە زانکۆکانى کوردستان لە رێگەى پریزینتەیشن و خستنەڕووى رێـنمایى چەند پێشنیازێک بۆ ناوەندەکانى خوێندن خرایەڕوو و بڕیاردرا بخرێنە بەرنامەى کارى تیمەکانى وەزارەتەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا باس لە دواین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران کرا بۆ راگەیاندنى هەڵمەتى نیشتمانى رووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و چەند بڕیارێک دەربارەی پلان و هەنگاو و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەدان بە پشووى ناوەندەکانى خوێندن کە لە زانکۆ و پەیمانگە (حکومى و تایبەتەکان) بەم شێوەیە دەبێت:

* لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (حکومی و تایبەتەکان) لە رێکەوتى (29-2-2020) پشو دەبێت تاکو ڕێکەوتى (1-4-2020) خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

* پشووەکە تایبەتە بە راگرتنى پرۆسەى خوێندن و تەنها خوێندکاران/ قوتابیان دەگرێتەوە، واتە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دامودەزگاکانى وەزارەت و زانکۆکان ناگرێتەوە.

دوا بەدواى تەواوبوونى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندنى ژورى عەمەلیات و میکانیزمەکانى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا خستەڕوو.