رێگری لە مامەڵەکردنی بە دراوی ساختە دەكرێت

پۆلیسی سلێمانی: مامەڵەکردنی بە دراوی ساختە کەمبووەتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە ماوەی رابردوودا چەندین كەس بە تۆمەتی ساغكردنەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەكانی كوردستان دەستگیر كراون، بەگوێرەی پۆلیسی سلێمانی بە توندكردنی رێکارەکانیان ئێستا مامەڵە کردن بە دراوی ساختە کەمبووەتەوە. بۆ دوو مانگی ئەمساڵیش دوو حاڵەتیان ھەبووە کە یەکێکیان ئێرانییە و ئەوی دیکەیان عەرەب بووە و ھەردوکیان دەستگیرکراون.

ئەگەر کەسێک زۆر شارەزای نەبێت، یاخود ئامێری ئاشکرا کردنی دراوی ساختەی لا نەبێت، زۆر ئاستەمە دراوە ساختانەكان لە دراوی ئاسایی جیا بکاتەوە، ھەندێک کاتیش بەشێک لە فرۆشیاران و کڕیاران بێ ئەوەی پێی بزانن مامەڵەیان بە دراوی ساختەوە کردووە، ساڵانێکیشە مامەڵە کردن بەدراوی ساختە بەتایبەت دۆلار چەندین حاڵەتی تێپەڕاندووە.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، رێنماییان داوە بە فرۆشیاران کە ئامێری ئاشکرا کردنی دراوی ساختە دابنێن و بۆ دوومانگی ئەمساڵیش دوو حاڵەتی دەسگیرکردنیان بە دراوی ساختەوە ھەبووە.

لە نێو بازاڕی دۆلار فرۆشانی سلێمانی، پۆلیس و ئاسایشی ئابووری بەردەوامی چاودێری بازاڕەکە دەکەن، بۆ ھەر حاڵەتێکی دراوی ساختە، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە دەڵێت، ئێستا زۆر ئاستەمە دراوی ساختە لەنێو بازاڕەکەی ئەواندا مامەڵەی پێوە بکرێت.

بە وتەی فرۆشیارانی دۆلار دراوی ساختە زیاتر لەو دراوانەدا دەکرێت کە بەھایان بەرزە، وەکو دۆلار ئەمەریکی و یۆرۆی ئەوروپی و پاوەنی بەریتانی ھەندێک کاتیش ساختە لە دیناری عێراقیدا دەکرێت، بە تایبەت جۆری 25 ھەزار دیناری.