هێزه‌كانی توركیا له‌ ئیدلب مووشه‌ك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌كانی رووسیا ده‌كه‌ن

هێزه‌كانی توركیا به‌رده‌وام هێرشی سه‌ر پێگه‌كانی سووریا و فڕۆكه‌كانی رووسیا ده‌كه‌ن

K24- هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی میدیا رووسییه‌كان، هێزه‌كانی توركیا له‌ پارێزگای ئیدلب پێگه‌كانی سوپای سووریا و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی رووسیا و سووریا ده‌كه‌نه‌ ئامانج.

كه‌ناڵی "روسیا 24"ی فیدراڵی له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و سه‌ربازانه‌ی توركیا كه‌ له‌ خاڵه‌كانی چاودێری له‌ ئیدلب جێگیركراون، جۆره‌ها چه‌ك پێشكه‌ش به‌ چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره‌ ده‌كه‌ن، چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌ش ئه‌و چه‌كانه‌ له‌ دژی سوپای سووریا و فڕۆكه‌كانی رووسیا به‌كار ده‌هێنن و مووشه‌كی دژه‌ فڕۆكه‌ی توركی ئاراسته‌ی فڕۆكه‌كانی رووسیا ده‌كه‌ن.

ئه‌و كه‌ناڵه‌ رووسییه‌ ئاشكراشیكرد، ئێستا شه‌ڕێكی سه‌خت له‌ نێوان سوپای سووریا و گروپی به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌راقب له‌ ئیدلب هه‌یه‌ و چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن چوارڕیانه‌كانی هه‌ردوو رێگای نێوده‌وڵه‌تی "ئێم4 و ئێم5" و ناوچه‌كانی نه‌یره‌ب، جۆباس و سان كۆنترۆڵ بكه‌ن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ،كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێستا له‌ ئیدلب توركه‌كانن، چونكه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌بێ پشتیوانی هێزه‌كانی توركیا هیچ جووڵه‌یه‌ك ناكه‌ن و به‌رامبه‌ر هه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیش به‌خێرایی بۆ خاڵی چاودێری توركیا پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی رووسیا و سووریا له‌ جۆباس زیانی زۆریان پێ گه‌یشتووه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ تانك و زریپۆش و چه‌ك و تۆپیان تێكشكێندراوه‌، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی گروپه‌ چه‌كداره‌كان، به‌ڵكو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، كه‌ چه‌كی پێشكه‌وتوو و ئامرازی هه‌واڵگری به‌كارده‌هێنن و هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان.

گوتیشی: "به‌رده‌وام فڕۆكه‌كانی رووسیا و سووریا پێشڕه‌وییه‌كانی چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره‌ ده‌وه‌ستێنن، ئاسمانی ئیدلبیش ئارام نییه‌، چونكه‌ چه‌كداران و سه‌ربازانی توركیا مووشه‌كی دژه‌ فڕۆكه‌ به‌كارده‌هێنن".

H.B