شەش ساڵە 21 کامێرای چاودێری ھاتووچۆی سلێمانی كار ناكەن

كێشەكە گەیەندراوەتە وەزارەتی ناوخۆ
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

شەش ساڵە 21 کامێرای چاودێری ھاتووچۆ لە سلێمانی کاریان پێنەکراوە و لە رووی تەکنیکییەوە ھەموویان تێکچوون، بڕیاریشە کۆمپانیایەکی دیکە 150 کامێرای چاودێری بۆ شارەکە دابین بکات. بەرپرسانی ھاتووچۆش دەڵێن، بەشێوەیەکی مۆدێرن سیستمی چاودێری ھاتووچۆ رێکدەخەینەوە.

فەرەیدون عومەر، بەرێوبەری گشتی  ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا نەمانتوانیوە سوود لەو 21 كامیرایە ببینین، بەڵام قسەمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بۆ ئەوەی ئەو كامێرانە بە سێرڤەری ھاتووچۆوە ببەسترێنەوە".

روونیكردەوە: "ئەو كۆمپانیایەی كە كامێراكانی داناوە، دەڵێ نەكراوە بە مەرج لەسەرمان كامێراكان بە سێرڤەر ببەستینەوە، لەوكاتەش كە قەیرانی دارایی بەسەردا ھات، بابەتەكە تائێستا دواكەوتووە".

بۆ چاودێری  خێرایی ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل  زیاتر لە 80 کامێرای گەرۆک رۆژانە  لە لایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی لە شەقامە کانی  ناوشار و دەرەوەی  شارەکە کاریان پێدەکرێت، بەڵام نەبوونی  کامێرای جێگیر بە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی دروستبوونی جەنجاڵی و رووداوەکانی ھاتووچۆ لە نێوشەقامەکاندا دادەنرێت.

ئاکام عەلی، بەرپرسی کامێرەکانی ھاتووچۆی بەڕێوبەرایەتی  ھاتووژۆی سلێمانی دەڵێ: "بوونی كامێرا لە ھەر شەقامێك ھەم رووداوەكان ھەمیش قەرەباڵغی كەمدەكاتەوە و كاریگەری زۆری ھەیە".

بڕی 2 ملیار و 850 ملیۆن دینار، لە لایەن بەشی پەرەپێدانی ھاتووچۆی سلێمانی بۆ پڕۆژەی دانانی كامێرا خەرج کراوە، لە ساڵی 2014 چەند لیژنەیەک لەلایەن  پارێزگاری سلێمانی پێکھێرابوو بۆ دەرخستنی ھۆکارەکارەکانی  کارپێنەکردنی  ئەو کامێرا جێگیرانە، بەڵام تائێستا  چارەسەرکردنی ئەو گرفتە لەنێوان بەرێوبەرایەتی ھاتووچۆی  سلێمانی و کۆمپانیای  جێبەجێکاری پڕۆژەکە بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە.  

ھ.م