ئه‌وروپا چاوه‌ڕوانی شه‌پۆلێكی نوێی په‌نابه‌رانه‌ و یۆنانیش به‌ربه‌ستی یه‌كه‌مه‌

ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌كانی كرده‌ راستی

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی یۆنان ئاشکرایکرد، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕێگری لە دەربازبوونی چوار هەزار کۆچبەری نایاسایی کردووە لە سنوورە وشکانی و ئاوییەکان.

حکومەتى یۆنان بۆ تاووتوێکردنی پرسی کۆچبەران و ئاڵۆزبوونی سنورەکانی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئه‌نجامدا، دوای ئەوەى ئەنقەرە دەرگای سنوورەکانی بۆ کۆچبەران کردەوە.

پێکدادان و شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە سنورییەکانی یۆنان و کۆچبەران لەسەر سنور بەردەوامە، پۆلیس گازی فرمێسکڕژێن بەکاردەهێنێت، بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەشێک لە کۆچبەران تووشی تەنگەنەفەسی بوون.

لە بەرانبەردا کۆچبەران بە بەرد هەوڵدەدەن هێرشی بکەنە سەر پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان تاکو ڕێگە بکەنەوە و دەرباز ببن. تەلەفزیۆنی فەرمی یۆنان دیمەنی هێرشی کۆچبەرانی بڵاوکردەوە، بەڵام ڕێگە بە میدیاکانی دیكه‌ نادرێت ڕوماڵی پێکدادانەکان بکە.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، "نزیکەى 18 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەئێستادا لە سنوورەکانی تورکیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا هەن."

ئەردۆغان لە وتارێکدا وتی، "ئێمە وتمان کە دەرگا لە کۆچبەران دەکەینەوە، بڕوایان نەکرد، دەرگامان کردەوە و نزیکەى 18 هەزار کۆچبەریش لەسەر سنوورەکانن، لەوانەیە ژمارەشیان بگاتە 25 هەزار."

ئاماژەى بەوەشکرد، "ئێمە سێ ملیۆن و 700 هەزار سووریمان لەخۆگرتووە، ئیتر توانای وەرگرتنی شەپۆلێکی دیكه‌ی کۆچبەران ناگرین، ئێمە چیتر بڕوا بە بەڵێنی ئەوروپییەکان ناکەین بۆ هاوکاریکردنی کۆچبەران."

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، بەشێکی زۆری کۆچبەران خەڵکی سووریان، ئەوانی دیكه‌ ئەفغانی و عێراقی و پاکستانی و چەند شوێنێکی دیكه‌ن.