داوا لە میدیاكان دەكرێت پاڵپشتی ھەڵمەتی نیشتمانی بڵاوكردنەوەی ھۆشیاری تەندروستی بكەن
K24- سلێمانی:
سەنتەری میترۆ داوا له میدیاکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە قۆناغی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا پاڵپشتی ئەو ھەڵمەتە نیشتیمانیە بکەن، كه بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و ھۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی بڵاودهكرێنهوه و نەبنە سەکۆیەك بۆ بەرھەمھێنانی ترس و پڕوپاگەندە.
رهحمان غهریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ روو له دهزگاكانی راگهیاندن دووپاتی دهكاتهوه، پێویستە میدیاکان لە بڵاوکردنەوەی ھەر زانیاریەك پشت بە سەرچاوەی باوەڕ پێکراو ببەستن و پشتیوانی ھەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی بکەن.
له بهرامبهریشدا کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێت، تا ئێستا سکاڵا لەسەر ھیچ میدیایەك تۆمار نەکراوە، بەڵام بە پێویستی دەزانێت، سەرجەم دەزگاكانی راگهیاندن ڕاوێژکاریان لە تهواوی بوارەکاندا ھەبێت، بۆ ئەوەی لە بڵاوکردنەوەی ھەر زانیاری و ھەواڵێكدا نهكهونه ههڵهوه.
لە درێژەی داواکاریەکانی سەنتەری میترۆدا ھاتووە، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەردەوام بن لە ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان لە گرنگیدان به خۆپاراستن، پسپۆڕانی تایبەتمەند بھێننە ناو بەرنامەکان و کۆرۆنا تێکەڵ بە سیاسەت نەکەن و پڕوپاگەندە نەکەن و نەبنە سەکۆی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن.
H.B