توركیا 2 فڕۆكه‌ی جه‌نگیی سووریای خسته خواره‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی سووریا "سانا" رایگه‌یاند، هێزه‌كانی سوپای توركیا 2 فڕۆكه‌ی جه‌نگی سووریایان له سنووری پارێزگای ئیدلب خسته خواره‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تیمی فڕۆكه‌وانان به په‌ره‌شوت خۆیان هه‌ڵداوه و به سه‌لامه‌تی گه‌یشتوونه‌ته سه‌ر زه‌وی.
#عاجل || #سانا || مراسل سانا: قوات النظام التركي الإرهابي تستهدف طائرتين سوريتين في منطقة #إدلب والطيارون يهبطون بالمظلات وهم بخير
— سانا عاجل (@SanaAjel) March 1, 2020
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، هه‌ر ئه‌مڕۆ سوپای سووریا رایگه‌یاندبوو، بڕیاری داخستنی ئاسمانی رۆژئاوای سووریا به تایبه‌ت پارێزگای ئیدلبیان له‌به‌رده‌م فڕۆكه چاودێرییه‌كان داوه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا سوپای سووریا دووپاتیكرده‌وه، "هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك سنووری ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان له‌و ناوچه‌یه ببه‌زێنێت، به ده‌ستدرێژی و دوژمنكاری بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌یان ده‌زانن و به هه‌موو چه‌كێك ده‌یكه‌نه ئامانج و رێگه ناده‌ن ئامانجه‌كانیان له‌ناو خاكی وڵاته‌كه‌یان بپێكن".
دوای خستنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌و 2 فڕۆكه‌یه‌ش، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ئۆپۆزسیۆن كه له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه پشتیوانی ده‌كرێن، له پارچه تێكشكاوه‌كانی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان كۆببوونه‌وه و گوایا پارچه‌ی یه‌كێك له فڕۆكه تێكشكاوه‌كانی سووریایه له جۆری "سو 23"، به‌ڵام دواتر ئاژانسه‌كانی سووریا ره‌تیان كرده‌وه كه ئه‌مانه پارچه‌ی یه‌كێك له فڕۆكه‌كانیان بێت و رایانگه‌یاند، ئه‌مانه پارچه‌ی ئه‌و فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌ی توركیان، كه پێشتر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریاوه خرابووه خواره‌وه.
H.B