سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شا عەبدوڵڵای ئوردن کۆدەبێتەوە

شا عەبدوڵڵا: پەیوەندییەکی تایبەتیمان لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و ئامادەین هاوکاری براکانمان بکەین بە هەر شێوەیەک کە پێویست بێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/3/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی و بەبانگهێشتێکی فەرمی، گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن. 

هەر لەگەڵ گەیشتنی لە لایەن شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن لە کۆشکی بەسمان پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە جێنشینی ئوردن شازادە حوسێن بن عەبدوڵڵا و سەرۆک وەزیرانی ئوردن عومەر ئەلرەزاز ئامادەیبوون ، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا کرا.

خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی تایبەتیمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و ئامادەین هاوکاری براکانمان بکەین بە هەر شێوەیەک کە پێویست بێت.

خۆشحاڵیشین بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگی هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری بازرگانی و بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ئوردنی لە هەرێمی کوردستاندا کرد. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی شانشینیی ئوردنی کرد و رۆڵی شا عەبدوڵڵای لە سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز نرخاند.

پاشان شا عەبدوڵڵا ميوانداری سەرۆکی حکومەت و شاندی هەرێمی کوردستانی بۆ خوانی نیوەڕۆ کرد. 

شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە .