مه‌ترسی له‌سه‌ر یارییه‌كانی چامپیۆنزلیگ دروست ده‌بێت
له‌وانه‌یه یارییه‌كه‌ی یوڤێنتۆس و لیۆن له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی شازده‌ی چامپیۆنزلیگ دوور له ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌بچێت.
یان میشێل سه‌رۆكی یانه‌ی لیۆنی فه‌ره‌نسی ده‌ڵێت: فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌دات كه یاری یانه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر یوڤێنتۆس له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی شازده‌ی چامپیۆنزلیگ له كوێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چونكه چه‌ند یاریزانێك له تیپی یوڤێنتۆسی خوار 23 ساڵان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه.
سه‌رۆكی لیۆن ده‌شڵێت: چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین بزانین بۆچوونی یوێفا له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌بێت و چاوه‌ڕێی هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ر ده‌كه‌ین.
سه‌رۆكی یانه‌ی لیۆن ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات ره‌نگه ئه‌م یارییه له ئیتاڵیه‌وه بگوازرێته‌وه وڵاتێكی دیكه كه دوور بێت له مه‌ترسی كۆرۆنا، كه ئه‌م ڤایرۆسه له ئیتاڵیا بڵاو بووه‌ته‌وه و به‌هۆیه‌وه چه‌ند كه‌سێك گیانیان له‌ده‌ستداوه و كۆمه‌ڵێك یارییش به‌هۆیه‌وه له سێریا ئه‌ی دواخراون.
بڕیاره له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، له رۆژی 17ـی ئه‌م مانگه كه ده‌كاته رۆژی سێشه‌ممه له یاریگه‌ی ئالیانز ستادیۆم له شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا یانه‌ی یوڤێنتۆس میوانداریی لیۆن بكات.