كۆرۆنا چێشتخانه‌كان چۆڵ دەكات

"بە رێژەی 80% كاریگەری ھەیە"
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

لەپاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێی عێراق و ھەرێمی کوردستان، کاریگەری زۆری کردووەتە سەر بازاڕی رێستۆرانت و چێشتخانەکان، بەجۆرێک ھەندێك خاوەن چێشتخانە دەڵێن، كۆرۆنا بە رێژەی 80% کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی ئەوان.

لە ھەموو شوێنێک رێنمایی تەندروستی دەدرێت بە خاوەن چێشتخانەکان، بۆ ئەوەی ھەموو لایەک پارێزراوبن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ترس لە ڤایرۆسەکە وایکردووە چێشتخانەکان چۆڵیەکی زۆری پێوە دیاربێ.

ھەردی خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکانە لە پارێزگای ھەڵەبجە ئەو دەڵیت "لەو کاتەوەی  دەنگۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەیە، ئێرە بە رێژەی لە 80% بەراورد بە رۆژانی رابردوو موشتەری کەمیکردوە".

ئەگەرچی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند شوێنێكی گشتیان داخستووە، بەڵام چێشتخانەکان بەدەربوون لەو بڕیارە، و رێنمایی پێویستیان پێدراوە، بۆ ئەوەی بەدووربن لە تووشبوون بە  ڤایرۆسی کۆرۆنا، پزیشكێكی دەڵێ "بۆ خۆپاراستن پێویستە نەچینە ھیچ شوێنێكی قەرەباڵغ و رێنماییەكان لەبەرچاو بگرین".