له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری و بۆنه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ هۆڵی داخراودا قه‌ده‌غه‌ كرا

بۆ رێگرتن له‌ كۆرۆنا

K24 – هه‌ولێر‌:

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ کوردستان24 رایگه‌یاند، بە بڕیاری پارێزگای هەولێر سەرجەم ئاهەنگە تایبەتەکان لە بووک گواستنەوە و رۆژی لەدایکبوون و ئەوانی دیکە هەتا رۆژی (25ی3ی 2020) قەدەغەکران.

ئه‌م بڕیاره‌ی پارێزگای هه‌ولێر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكاره‌ خۆپارێزیانه‌ دێت، كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونه‌ته‌ به‌ر.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ، پارێزگای هەولێر دوو بڕیاری  دەرکرد:

1- لە (4ی ئازار/ مارسی 2020  تا 25ی ئازار/ مارسی 2020)، سەرجەم هۆڵە داخراوەکانی ئاهەنگ گێڕانی خێزانی لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن و ئاهەنگی تێدا بەڕێوەناچێ.

2- لە (4ی ئازار/ مارسی 2020)  تا (25ی ئازار/ مارسی 2020) سەرجەم پێشبڕکێ و خولە وەرزشییەکانی کوردستان و عێراق لە هۆڵە داخراو و گۆڕەپانە کراوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەبێ جەماوەر بەڕێوەدەچن.

بە پێی دۆخەکە و گەر پێویستی کرد ماوەکان درێژ دەکرێنەوە.