یادكردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا
یادی راپه‌ڕین بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان، به‌وانه‌شه‌وه كه ئێستا گاڵته به عه‌قڵی ئێمه‌مانانی ئه‌و سه‌رده‌مه نایابه‌ش ئه‌كه‌ن، یادێكی پیرۆزه و كه‌سیش ناتوانێ له‌و یاده‌وه‌رییه و له‌خودی رووداوه‌كه‌ش رابكا.
به‌داخه‌وه ئه‌مساڵ ساڵڕۆژه‌كه‌ی كه‌وته سه‌رده‌می كۆرۆناوه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ رێزلێگرتن له‌و ڕۆژه مێژووییه حكومه‌تی هه‌رێم كردوویه‌تی به پشوو و به‌هۆی ئامۆژگارییه ته‌ندروستییه‌كانیشه‌وه له‌ماڵ نه‌چووینه‌ده‌ر. منیش و خاوخێزانه‌كه‌م و زاوایه‌كم و برازایه‌كیشم له‌به‌رهه‌یوانی ماڵه‌كه‌مان له هه‌ولێر له ده‌وری مێزێك كۆبووینه‌وه. هه‌موومان پێمان ناخۆش بوو كه بۆ گه‌وره‌یی ئه‌و یاده ناتوانین هیچ بكه‌ین. بۆیه كۆمه‌ڵگە گه‌نجه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌مان، واتا كچه‌كانم و كوڕه‌كه‌م و برازاكه‌م و زاواكه‌م، بڵندگۆیه‌كی خێزانیانیان هێنا و بڕیاریاندا كه به‌هۆی یوتیوبه‌وه ئه‌و سروود و گۆرانیانه لێبده‌ینه‌وه، كه لە 1991دا و له‌گه‌رمه‌ی ڕاپه‌ڕین له‌ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌واڵه گه‌رم و بە‌په‌له‌كانی ڕاپه‌ڕین لێ ئه‌دران. ئه‌و وه‌خته منیش كادرێكی ڕادیۆكه بووم و به‌شێكیش له‌شیعر و په‌خشان و هه‌واڵه‌كانی ڕزگاربوون و ئازادكردنی شار و شارۆچكه و ناوچه ڕزگار و ئازادكراوه‌كان من ئه‌منووسین، ئه‌ڵبه‌ته هه‌ر من نه‌بووم، به‌ڵكو براده‌رانی تریش كه له‌شه‌پۆلی گه‌ڕۆكی چل و یه‌ك مه‌تری ڕادیۆكه‌دا پێكه‌وه‌بووین، ئه‌یاننوسی.
ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه حه‌ماسه‌تێكی زۆریان لای پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو ئه‌وڕوژاند و ئێستاش بیرم ماون، بریتی بوون له سروودی ده‌می ڕاپه‌ڕین، واهاتن پێشمه‌رگێ مه، به ده‌نگی شڤان په‌روه‌ر، سروودی ئاسووده‌بن و گۆرانی هه‌ڵپه‌ركێ گه‌له‌وگه‌له‌و گه‌له/هه‌ی هه‌ی له‌و گه‌لاوێژه، به ده‌نگی ناسری ڕه‌زازی و هه‌روه‌ها گۆرانیه‌كی چه‌په‌كانی توركی، به‌ده‌نگی سێڵدا و چه‌ندین سروود و گۆرانی تریش. هه‌ربه‌و بۆنەیەوە ئه‌مڕۆ له‌یادی بیست و نۆساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینی پڕشكۆی كوردستاندا، پێكه‌وه‌و له‌ماڵی خۆمان ئاهه‌نگێكی بچكۆڵانه‌مان سازكرد و هه‌موو ئه‌و گۆرانیانه‌مان به تۆنێكی به‌رز گوێ لێگرته‌وه، كه به‌گۆرانی سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین ناسراون. هه‌رچه‌نده چه‌ند ڕۆژێكه مامی ئازیزم مامه دلاوه‌ر كۆچی دوایی كردووه، به‌ڵام ئه‌م ئاهه‌نگگێڕانه چكۆڵه‌یه‌مان بۆ ئه‌وه بوو، كه به‌ر له‌هه‌موو شتێك به‌خۆمان بڵێین: ئێمه ڕاپه‌ڕین له‌بیرناكه‌ین. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنین، كه په‌تای كۆڕۆناش وامان لێناكا ئه‌و پرۆسه شۆڕشگێڕییه هاوبه‌شه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌بیر بكه‌ین. به‌داخه‌وه ئه‌بێ لێره‌دا خه‌مباریێكی خۆمتان بۆ تۆماربكه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌موو ئه‌و په‌خشان و شیعرانه‌ی بۆ ڕۆژانه‌ی ڕاپه‌ڕین نووسیبوونم، زۆربه‌یان به ده‌نگی كاك باست حه‌مه‌غه‌ریب له‌مایكی گه‌لی كوردستاندا خوێندرانه‌وه، كه له‌ڕاستیدا ڕادیۆی به‌ره‌ی كوردستانی و ڕادیۆی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو بوو، له‌ڕووداوه‌كانی بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا، سڕگوم بوون و نه‌مدۆزینه‌وه، مه‌گه‌ر خێرۆمه‌ندێك ئه‌و سه‌رده‌مه به‌رنامه‌كانی ده‌نگی گه‌لی كوردستانی تۆماركردبێ و لای ده‌ست بكه‌وێت و پیاوه‌تیش له‌گه‌ڵ من بكا و ئه‌و شیعر و په‌خشانانه‌م بداتێ، كه هه‌ر له‌ئێستاوه زۆر سوپاسی ئه‌كه‌م.
خاڵێكیتر، كه ئه‌مه‌وێ لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه‌یه‌كی پێبده‌م، له‌كاتێكدا، كه ئه‌و بابه‌ته‌ی ئاماژه‌ی پێ ئه‌ده‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی بێلایه‌نانه‌ی زۆرتری ئه‌وێ، ئه‌ویش ڕۆڵی به‌ره‌ی كوردستانییه له‌ڕاپه‌ڕینه‌كه‌دا، به‌تایبه‌ت له‌ڕوانگه‌ی یه‌كخستنی گووتاری ڕاپه‌ڕین و یه‌كخستنی ڕێبه‌رایه‌تی و ئیداره‌دانی ڕاپه‌ڕین. ئه‌زانم ئه‌م باسه به‌و شێوه‌یه‌ی من له‌م چەند دێڕه كورته‌دا خستوومه‌ته‌ڕوو، پڕ له‌سه‌رئێشه‌یه و زۆركه‌س و لایه‌نیش ناڕه‌حه‌ت و ناڕازی ئه‌كا، كه بێگومان هه‌ریه‌كێك له‌و كه‌س و لایه‌نانه ئازادن و ده‌رفه‌تی زۆری میدیایی و سۆشیال میدیاشیان له‌به‌رده‌سته، تا وه‌ك چۆن خۆیان ئه‌یانه‌وێ باسی بكه‌ن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا، چونكه به‌ره‌ی كوردستانی له‌ڕاپه‌ڕیندا به‌كرده‌وه و بۆ یه‌كه‌مین جار بوو له‌دوای ساڵى 1975ه‌وه یه‌كڕیزی حزبه‌كان، یه‌كڕیزی جه‌ماوه‌ر و یه‌ك به‌ره‌یی چه‌كدار و هاوكاتیش یه‌ك گووتاری وه‌دیبێنێ، بۆیه به بۆچوونی من ئه‌مه له‌گه‌ڵ گه‌وره‌یی خودی ڕاپه‌ڕیندا، ده‌سكه‌وتێكی مه‌زن بوو. به بڕوای من سه‌ره‌ڕای به‌رپابوونی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ، كه له‌دیدی ئێستای مندا، یه‌كه‌مین شكستی خودسازی ڕاپه‌ڕین بوو، به‌ڵام هێشتاش فیكری سیاسی كوردستان و مێژووی قۆناخی ڕاپه‌ڕین و ڕۆڵی به‌ره‌ی كوردستانی، لە ئاماده‌كاری، ده‌ستپێشخه‌ری و سه‌رخستنی و ڕووداووه‌كانی دواتر به‌كۆڕه‌و و دانوستانه‌كانیشیه‌وه له‌گه‌ڵ ڕژێمی سه‌ددام، ئه‌و باسگه‌له‌یه كه ئه‌بێ ئێستا باشتر و چاوكراوه‌تر و دوورتر له‌ئه‌نگێزه و پاشخانی حزبی و بگره شه‌خسی بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ری و لێكۆڵینه‌وه و تێزسازی و بگره تیۆریسازی لە قۆناخه‌كه و ئه‌زموون و سه‌كه‌وتن و شكسته‌كانی بكه‌ین.
لێره‌وه قسه‌ی بیریارێكی ئه‌وروپاییم هاته‌وه‌بیر كه به‌داخه‌وه ئێستا ناوه‌كه‌ییم بیرناكه‌وێته‌وه، به‌ڵام له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بووه و له باره‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نساوه(14/ته‌مموز/1789) ڕای وابووه، كه ئێستا وه‌ختی ئه‌وه‌یه له باره‌ی شۆڕشه‌كه‌وه قسه بكه‌ین و لێی بكۆڵینه‌وه. به‌ڕاستی ئه‌و بۆچوونه نایاب و جێی سه‌رنجه، به‌پێی تێزه‌كه بێ، ئێستا و تا مه‌ودایه‌كی یه‌كجار زۆری داهاتووش، ئه‌توانین ڕاپه‌ڕین وه‌ك ڕووداوێكی مه‌زن و وه‌رچه‌رخێنی مێژوویی به پشتبه‌ستن به هه‌موو زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییە‌كان لێی بكۆڵینه‌وه و بیخوێنینه‌وه، به‌تایبه‌ت كه وه‌ك پێویست و وه‌ك پرسێكی هه‌مه‌لایه‌نه لێكۆڵینه‌وه و تایبه‌تتریش ئه‌نجامگیری پێویست و شایان و شایسته‌ی لێ هه‌ڵنه‌هێنجراوه.
5 ی ئاداری 2020
هه‌ولێر