پوتن و ئه‌ردۆغان رێككه‌وتن
.jpg)
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن و هاوتا توركییه‌كه‌ی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، ئه‌مڕۆ دوای چه‌ند كاتژمێرێك له كۆبوونه‌وه‌یان، له باره‌ی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له ئیدلب رێككه‌وتن.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی درێژی نێوانیان، كه شه‌ش كاتژمێری خایاند، پوتن و ئه‌ردۆغان كۆنفرانسێكی میدیاییان ئه‌نجامدا.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا، پوتن وتی: ئێمه ئه‌مڕۆ بۆ سێیه‌م جار له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه كۆبووینه‌وه. په‌یوه‌ندی به‌تینی نێوانمان چاره‌سه‌ری زۆر كێشه‌ی جێ ناكۆكی كردووه.
وتیشی: چه‌كداره‌كان به شێوه‌یه‌كی خولی تۆپبارانی هێزه‌كانی سوپای سووریا و شار و ناوچه مه‌ده‌نیی نشینه‌كان ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێرشی توندڕه‌وه‌كان بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی حه‌میمی هێزه رووسییه‌كان به‌رده‌وام بووه. له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه (15) جار هێرشكراوه‌ته سه‌ر ئه‌و سه‌ربازگه‌یه و رووسیا ده‌ستبه‌جێ توركیای له حاڵه‌ته‌كان ئاگادار كردووه‌ته‌وه.
پوتن باسی له‌وه‌شكرد، ره‌فتاری ئه‌و گرووپه چه‌كداریانه بووه هۆی ئه‌وه‌ی خوێنی سه‌ربازانی توركیاش بڕژێت.
سه‌رۆكی رووسیا ئه‌وه‌شی وت: ئێمه هه‌میشه له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه توركه‌كانان له مه‌زنده‌كردنی رووداوه‌كان هاوڕا و كۆك نه‌بووین، به‌ڵام له هه‌موو چركه‌یه‌كی پێویستدا ئێمه توانیومانه سه‌ركه‌وین.
له لایه‌ن خۆیه‌وه، سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، رایگه‌یاند، هه‌ردوولامان گه‌یشتینه رێككه‌وتن له باره‌ی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له ئیدلب و له نیوه‌شه‌وی پێنجشه‌ممه له‌سه‌ر هه‌ینی ئه‌و ئاگربه‌سته كاری پێده‌كرێت.