مامۆستایانی ئایینی: بڕیارەكانی حكومەت بۆ خۆپاراستن و بەرژەوەندی گشتییە

گوتاری نوێژی هه‌ینی له‌ مزگه‌وته‌كان به‌ڕێوه‌نه‌چوو
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

مامۆستایانی ئایینی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەسەر خۆپاراستن و ھۆشیاری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەریانکردووە و داواش لە ھاووڵاتییان دەکەن  پابەندی  رێنماییەكان بن، چونكە بڕیارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە پێناو پاراستن و بەرژەوەندی گشتییە.

ئەم ھەینییە دەرگای  مزگەوتەکان داخران، ھیچ مەراسیمێکی نوێژی ھەینی لە مزگەوتەکان بەڕێوە نەچوون، ئەمەش لەچوارچێوەی بڕیارەكانی حكوومەت بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا. مامۆستایانی ئایینی لە پێناو پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان و خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت بوون و بە گرنگیشی دەزانن ھاووڵاتییان رێنماییە پزیشكییەكان جێبەجێ بكەن.

مەلا لاور چوارباخی، وتاربێژی یەكێك لە مزگەوتەكانی سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "ئەم بڕیارانەی حكوومەت دەریكردووە، بۆ بەرژەوەندی گشتییە، بۆیە پێویستە ھەموولایەك پێیەوە پابەندبن".

لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی دەوروبەر، حکوومەتی  ھەرێمی کوردستان بۆ خۆپاراستن و ھۆشیاری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، کۆمەڵێک رێکاری گرتەبەر، لەوانە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و راگرتنی دەوامی قوتابخانەکان و مەراسیمە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان. بەردەوامیش لە رێگای دامودەزگا تەندروستییەکانەوە، داوا لە ھاووڵاتییان دەکرێت پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.