لایه‌نه‌كانی عێراق داوای كاندیدێكی قبووڵكراو ده‌كه‌ن

خواسته‌كانی كورد له‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێکی كورد ئاشکرای دەکات، لایەنە شیعییەکان ئەمجارە دەیانەوێ بەربژێرێکیان هەبێ کە هەمووان لەسەری کۆک بن و ناشیانەوێ ئەزموونی محەمەد تۆفیق عەللاوی دووبارە بکەنەوە.

دکتۆر محەمەد شاکر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند "تائێستا ئەو کەسانەی وەک بەربژێر ناویان دەھێندرێت هەمان ئەوانەن کە پێشتر باس کراون".

گوتیشی "مستەفا کازمی و عیدانی و عەلی شوکری و فەلاح سودانی چانسی بەهێزیان هەیە، بۆ ئەوەی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق رابسپێردرێن".

هاوکات جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق نایشارێتەوە "کورد یەک پاکێج داواکاری هەیە و ئەوەی گرینگە جێبەجێکردنی ئەو پاکێجەیە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی داهاتووەوە نەک ناوی کەسێکی دیاریکراو".

لە قۆناخی رابردوودا ناڕەزایەتییەکانی کورد و سوننە و بەشێک لە شیعەكان، شکستی بە عەللاوی هێنا، بۆ قۆناخی داهاتووش کورد هێندەی چاوی لە بەرنامەی حکومەتە، هێندە خۆی سەرقاڵ ناکات بە ناوی بەرپژێرەوە.

ئەگەر تا 15ی ئەم مانگە بەربژێری سەرۆک وەزیرانی لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە دیاری نەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی دیکەی سیاسیی و یاسایی ببێتەوە، چونكە بەهۆی دەنگنەدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان ناتوانرێت هەڵبژاردن بکرێت و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی دیارینەکردنی بەربژێرەکە عێراق دەکەوێتە بۆشاییەکی دەستوورییەوە.