خواست له‌سه‌ر قاپ و كه‌وچكی سه‌فه‌ری زیاد دەكات

خاوەن چێشتخانه‌کان پابه‌ندی رێنماییەکانن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەھۆی بڕیارێکی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ خواردنگە و چێشتخانەکان خواست لەسەر قاپ و کەوچک و پەرداخی سەفەری زیادیکردووە، چێشتخانەکانیش دەڵێن، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان دەبن.

بازاڕی فرۆشتنی قاپ و کەوچک و پەرداخی سەفەری لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا لەھەموو قەرەباڵغترە، ئەمەش بە ھۆکاری ئەوەی کە قایمقامیەتی سلێمانی بۆ پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چێشتخانەکانی پابەند کرد بە بەکارھێنانی پێداویستی سەفەری لە کاری رۆژانەیاندا.

ئەو پێداویستیە سەفەریانەی کە لە بازاڕەکانی ھەرێمی كوردستاندا ھەیە، لە وڵاتانی ئێران و چین و ئیماڕاتەوە ھاوردە دەکرێن، بەڵام بە رێژەی لە 70%ی لە وڵاتی ئێرانەوە ھاوردە دەکرێت، پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەیەکی زۆر لە وڵاتی چین ئێستا لەوێوە ھیچ ھاوردە ناکرێت.