ھانی: میوزیكی ئێستای كوردی باش نابینم

ئەو گەنجانەی دەیانەوێت داھێنان بكەن دەیانڕوخێنن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

خانمە ھونەرمەندی كورد ھانی موجتەھیدە رایدەگەیەنێت، میوزیكی ئێستای كوردی باش نابینم، ئەو گەنجانەی دەیانەوێت داھێنان بكەن لە سۆشیال میدیا دەیانڕوخێنن.

لە میانی بەشداریكردن لە بەرنامەی پەنجەرەی كوردی، كوردستان24 ھانی گوتی: "لە راستیدا لە میوزیكی ئێستای كوردی باش نابینم، ھەست ناكەم گۆڕانكارییەكی گەورە لە میوزیكی كوردی روویدابێت، بەراورد بە ساڵانی 70 و ھەشتاكان ھەمان ئامێری میوزیك ھەن، شتێك بەناوی ئەلیكترۆن میوزیك لەناو میوزیكی كوردیدا نییە، ئەوەی كە ھەیە تەواو بووە".

گوتیشی: "راستە دەبێ رێز لە میوزیكی فۆلكلۆر بگرین، بەڵام میوزیكی فۆلكلۆر ھەر تەپڵ و ساز و دەھۆڵ نییە، دەبێ نوێ بكرێتەوە و تێكەڵ بە میوزیكی سەردەم بكرێت".

ھانی، دەشڵێت: "میوزیكی كوردی زۆر فەقیر دەبینم، دەبێ ئەوە بزانین، ناتوانین فەرھەنگ بە پارە و سامان بناسین".

ئاماژەی بەوەشدا: "دەبێ رێخۆشكەر بین بۆ گەنجان، بەداخەوە كاتێك گەنجێك دەیەوێت نوێگەری بكات، لە سۆشیال میدیا ئەیڕوخێنن، گەنج ترساوە ناتوانێ بە ئازادی بیر بكاتەوە و كار بكاتم با واز لە گەنجان بێنین داھێنان بكەن".