"دانیشتووانی سنە لە پرسەوە تووشی كۆرۆنا بوون"

پارێزگاری سنە لەڕێی كوردستان24 داوای خۆپارێزی لە خەڵك دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پارێزگاری سنە لە رێگەی كوردستان24، داوا لە خەڵك دەكات كە خۆیان لە شوێنە گشتییەكان بپارێزن و لە ماڵەكانیان بمێننەوە. ئاشكرای كرد كە رێورەسمێكی پرسە لە شاری سەقز كێشەیەكی گەورەی بۆ دروستكردوونە و ھەموو توشبووانی ئەو شارە لە پرسەوە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە.

بەھمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە بە كوردستان24ی گوت: "ئێمە بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی پارێزگاكانی ئێران دۆخێكی باشترمان ھەیە، دەبێ نیگەرانییەكانی خەڵك كەمبكەینەوە، دەبێ خەڵك خۆیان لەسەر پێبن، دەبێ خۆیان بپارێزن، ھەرچەند حكومەت ھەوڵبدات ھەتا رادەیەك دەتوانێ یارمەتیدەر بێت و خەڵك دەبێ یارمەتیدەر بن".

گوتیشی: "ئێستا دۆخەكە دۆ خی مەرگ و ژیانەو نابێ ئەوە بشارینەوە. كە دەڵێین نابێ بچینە كۆڕو كۆبوونەوەكانی وەكوو سینەما و مزگەوت و پرسەكان، پێویست ناكات بچینە شوێن گەلێكی مەترسیدار. دەبێ بە راشكاوی پێتان بڵێم ئەگەر ئێستا شاری سەقز كێشەی جیدی ھەیە، ھۆكارەكەی رێورەسمێكی پرسە بووە، كەسێكی توشبوو لەو شوێنە بووەو ئەو كێشە گەورەیەی بۆ دروست كردووین".