محەمەد شێخۆ ھونەرەكەی خستە خزمەتی گەل و نیشتمان

"محەمەد شێخۆ ھەنگاوێكی نوێی لە ھونەری كوردی ھاوێشت"
kurdistan24.net

K24 - قامشلۆ

31 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ھونەرمەندی ناسراوی كورد، محەمەد شێخۆ تێدەپەڕێت، ھاوڕێكانی باس لەوە دەكەن، بەھۆی ئەوەی محەمەد شێخۆ خاوەن ھەستی نەتەوەیی بووە، حكوومەتی سووریا ئاستەنگی زۆری بۆ دروست كردووە، ھاوكات ھونەرەكەشی بە ھەنگاوێكی نوێ ناودەبەن لەنێو ھونەری كوردیدا.

محەمەد شێخۆ، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کوردستان کە هەمیشە لە ریزی گەل و نەتەوەكەیدا بووە، لە ساڵی 1948 لەگوندی خەجۆكی سەر بە قامشلۆ لە دایكبووە، ھەر لە سەرەتایی تەمەنی لاویەتییەوە بایەخی بە مۆسیقا و گۆرانی کوردی داوە. لە ساڵی 1969 چووەتە بەیروتی پایتەختی لوبنان و لەگەڵ هونەرمەندان مەحمود عەزیز و سەعید یوسفدا تیپی مۆسیقای نەورۆزیان دامەزراندووە، کە تیپێکی هونەری بووە و گرنگی بە گۆرانی و مۆسقای فۆلکلۆری کوردی داوە. ساڵی 1972 گەڕاوەتەوە سووریا، محەمەد شێخۆ بەهۆی گۆرانی و سرودە نیشتیمانپەروەرییەکانی و کوردایەتییەکانیەوە لەلایەن حکوومەتی سووریاوە كەوتووەتە ژێر فشار و چەندینجار رەتیکردووەتەوە کە لە ئاهەنگە رەسمییەکانی حکوومەتدا بەشداری بکات. ساڵی 1974 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، پاش نسکۆ وەکو سەدان هەزار تێکۆشەری دیكە ئاوارەی ئێران بووە، دواجار لە 9ی ئاداری 1989، لەشاری قامشلۆی رۆژئاوای كورستان كۆچی دواییكرد.