دوكاندار و كاسبكاران پێشوازی لە بڕیارەكانی حكوومەت دەكەن

ھەنگاوەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەندین رێنمایی دەركردووە و دوكاندارەكانیش دەڵێن "پابەندی بڕیارەكانی حكوومەتین و ھەر شتێك لە بەرژەوەندی گشتیدابێت، ئێمە ھاوكارین بۆ ئەوەی تەندروستی ھاووڵاتییان پارێزراوبێت".

تاھیر خۆشناو، خاوەنی یەكێك لە چایخانەكانی ھەولێرە، باس لەوە دەكات، ھیچ كات وەك ئێستا چایخانەكەی چۆڵ نەبووە. دەشڵێت "پابەندی رێنماییەكانی حكومەتین و تەنانەت بڕیار بووە بە گشتی دابخرێ، ئێمە بەرژەوەند گشتی و پاراستنی ھاووڵاتیمان لا گرنگە، بەڵام كێشەمان كرێی دوكانە و دەبێ حكومەتیش ھاوكاری خەڵكی ھەژار بێت".

بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی ھاووڵاتییان و ئەو زیانانەی بەھۆی داخستنی شوێنەكان بەر خاوەن كار و بازرگانان وھاووڵاتییان دەكەوێت، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوندیدارەكانی راسپاردوە بۆ جێبەجێكردنی رێكاری پێویست.

كەمال وەرتی، بەڕێوبەری گشتی باجەكان لە وەزارەتى دارایی ئەم راسپاردەيه پشتڕاست دەكاتەوە و داواكارە خاوەن شوێنەكانیش رەچاوی بارودۆخەكە بكەن.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ خۆپارێزی ھاووڵاتییان بەشێكی زۆرى  ھۆڵەكانی لەشجوانی و وەرزش و مەلەوانگە داخران و دوای تۆمار كردنی چەند حاڵەتێكی كۆرۆناش لە  ھەولێر بڕیاری داخستنی ئارايشگاكانى ئافرەتان  سەنتەرەكانى جوانكارى و زۆر شوێنی دیكە درا. خاوەنی ئەم شوێنانەش رێنماییەكانیان لەبەرچاو گرتووە.