هه‌ولێر سبه‌ی رووبه‌ڕووی یانه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه كه تا ئێستا لێی نه‌بردووه‌ته‌وه
له گه‌ڕی پێنجه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی، سبه‌ی سێشه‌ممه له یاریگه‌ی شه‌عب له به‌غدا، یانه‌ی هه‌ولێر رووبه‌ڕووی نه‌فتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته‌وه، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر 3:00ـی ئێواره ده‌كرێت، دوای ئه‌م یارییه‌ش سه‌رجه‌م یارییه‌كانی خولی نایابی عێراق به‌هۆی مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌وه‌ستێت.
یانه‌ی هه‌ولێر ده‌بوو یارییه‌كه له شاری كه‌ربه‌لا بكات، به‌ڵام به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆنا هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و شاره رێگه‌یان نه‌دا شاندی هه‌ولێر بچنه نێو شاری كه‌ربه‌لا، دواتر له لایه‌ن فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراقی یارییه‌كه بۆ شاری به‌غدا گواسترایه‌وه.
هه‌ولێر له ئێستادا دۆخی باش نییه، چونكه له دوو یاریی رابردوو شكست بووه‌ته به‌شی، بۆیه فشارێكی زۆریان له‌سه‌ره، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و سزا قووڕسه‌ی دوو رۆژ به‌ر له‌م یارییه خرایه سه‌ر هه‌ولێر له میژووی یانه‌كه وێنه‌ی نه‌بووه، كه بێ به‌شكردنی یانه كه بۆ سێ یاریی له یاریگه‌ی خۆی و سه‌رجه‌م یارییه‌كانیشی بێ هانده‌ر ئه‌نجام بدات، جیا له‌وه‌ش یانه‌كه به بڕی( 10) ملیۆن دیناریش سزادراوه.
یانه‌ی هه‌ولێر خاوه‌نی 6 خاڵه و له پله‌ی حه‌وته‌م دێت، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نه‌وتی ناوه‌ڕاست، هه‌مان دۆخی هه‌ولێری هه‌یه، له كۆی چوار یاریی ته‌نها 6 خاڵی هه‌یه، له مێژووی خۆیاندا ئه‌م دوویانه‌یه پێنج جار رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، هه‌ولێر هیچ یارییه‌كی له نه‌فتی ناوه‌راست نه‌بردووه‌ته‌وه، سێ دۆڕان و دوو یه‌كسانی هه‌یه.