مه‌سرور بارزانی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی تاجی شه‌رمه‌زار ده‌كات

"هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکەدا بەردەوامە"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ توندی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابڕدوو بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی تاجی شه‌رمه‌زار ده‌كات كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك راهێنه‌ر و راوێژكاری سه‌ربازی هاوپه‌یمانان گیانیان له‌ده‌ستدا و برینداربوون.

مه‌سرور بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکەدا بەردەوامە، ئەم جۆرە کردارانە زەمینە بۆ بەهێزبوونەوەی گرووپە تووندڕۆکان دەرەخسێنن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بە تووندی ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین کە دوێنی شەو کرایە سەر سەربازگەی (التاجی) عێراقی و بووە هۆی  گیان لە دەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک راهێنەر و راوێژکاری هێزی هاوپەیمانان.

پرسەو سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوکارەکانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم.

لە کاتێکدا کە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکەدا بەردەوامە، ئەم جۆرە کردارانە زەمینە بۆ بەهێزبوونەوەی گرووپە تووندڕۆکان دەرەخسێنن. لە ناو عێراق کێشە تەندروستی و ئابووری و ئەمنییەکان فشاری زۆری بۆ سەر هاووڵاتیان دروست کردووە، بۆیە ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە بە زیانی عێراق و سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەکەوێتەوە.

خوازیارین بە هەماهەنگیی هەموو لایەنە نیشتمانی و دڵسۆزەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانان، رێگە لە هەر هەوڵێکی تێکدەرانە بگیرێت و تواناکان بۆ سەقامگیری و ئاشتی و باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان تەرخان بکرێن. 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/3/12