كاناڤارۆ داوا له‌ مێسی ده‌كات له‌ بارسێلۆنا بڕوات و بچێته‌ ئه‌م یانه‌یه‌

كاناڤارۆ: مێسی توانای هه‌یه‌ له‌ چه‌ندان خولی جیاواز یاری بكات

فابیۆ كاناڤارۆ كاپتنی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا له‌ لێدوانێكدا پێشنیاز بۆ لیۆنێل مێسی ده‌كات رووبكاته‌ ئینته‌ر میلان، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: مێسی یاریزانێكی ده‌گمه‌نه‌ و ده‌توانێت له‌ هه‌موو خوله‌ جیاوازه‌كانی ئه‌ورووپا و جیهان یاری بكات.

فابیۆ كاناڤارۆ راهێنه‌ری ئێستای یانه‌ی گوانزهۆی چینی له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا ده‌ڵێت: مێسی له‌ ماوه‌ی 2 یاری ده‌توانێت 5 گۆڵ بكات، له‌ هه‌ر یارییه‌ك ئه‌گه‌ر گۆڵیش نه‌كات ده‌توانێت 3 ئاسیست بكات.

كاناڤارۆ كه‌ پێشتر وه‌ك یاریزان له‌ خولی ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ئیمارات و خولی هیندیش یاری كردووه‌، ده‌ڵێت: تایبه‌تمه‌ندی و توانای مێسی به‌جۆرێكه‌ ده‌توانێت له‌ هه‌موو خوله‌كان یاری بكات، پێموایه‌ یانه‌ی ئینته‌ر میلان بۆ ئه‌م یاریزانه‌ زۆر گونجاوه‌، چونكه‌ ساڵانێكی زۆره‌ ئاره‌زووی گواستنه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی ده‌كات.

كاناڤارۆ له‌ وه‌ڵامێكدا له‌ باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گوتی: له‌ كاتی ئه‌م په‌تا و نه‌خۆشی و ڤایرۆسه‌ كه‌ له‌ وڵاتی چینه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد من له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆم مامه‌وه‌، ئه‌وان زۆر به‌ زیره‌كی و لێزانی دۆخه‌كه‌یان كۆنترۆڵ كرد، پێویست وڵاتی ئیتتڵیا و سه‌رجه‌م وڵاتانی دیكه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌زموونی وڵاتی چین دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌.