ئیتاڵیا و بەره‌نگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

Kurd24

تێپەڕبوونی ئیتاڵیا بەو کاتە سەختەدا، تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ پیشاندانی یەکگرتوویی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام بە داخەوە یەکێتی ئەوروپا بەو شێوەیە هەماهەنگی و خەمخۆری خۆی پیشان نەدا، لە بری ئەوان حکوومەتی چین دەستی یارمەتی بۆ ئیتاڵیا درێژ کرد ئەویش بە ناردنی 30 تەن داو و دەرمان و کەل وپەلی پزیشکی . 

هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا  و دواتر زیادبوونی رێژەی تووشبوان، وڵاتانی ئەوروپا دەستبەجێ بڕیاری داخستنی سنوورەکانیان دا بە رووی ئیتاڵیادا، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا پێشێلکردنی رێککەوتننامەی شەنگنە، ئەوەشمان لەیاد نەچێت، کە ئیتاڵیا یەکێکە لە کۆنترین وڵاتانی  ئەندام. سەرەتا لە بازاری هاوبەشی ئەوروپا و ئێستاش لە یەکێتی ئەوروپا. دەبوایە وڵاتانی ئەوروپا هەموو بەیەکەوە دەستی یارمەتیان بۆ ئیتاڵیا درێژکردبایە، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری خۆیان ئاوڕیان لە ئیتاڵیا نەدایەوە، بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، کە هەمیشە خۆیان بەسەر ئیتاڵیا زاڵ کردووە. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گاڵتەیان بە ئیتاڵیا و هاووڵاتیانی ئیتاڵیا دەکرد، کەچی ئێستاش داوای رێنمایی لە وڵاتی داڤنچی دەکەن، چونکە بۆیان دەرکەوت، کە لە وڵاتەکانی خۆشیان کەسانی تووشبوو بەم ڤایرۆسە هەیە. بەداخەوە بە پێی ئامارەکان تا دێت رێژەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا بەرزتر دەبێتەوە تا ئێستا رێژەکە گەیشتووه‌تە 22 هەزار کەس لەوانەش 1515 کەس گیانیان لەدەست داوە و 1442 کەسیش چاکبوونەتەوە. لە راستیدا ئیتاڵیا لە رووی پزیشکیەوە زۆر پێشکەوتووە بەتایبەتیش لە هەرێمی (ڤێنێتۆ و لۆمباردیا) لە باکووری وڵاتەکە، کە بە بڕبڕەی پشتی ئابووری وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێن. بەڵام سەرەڕای ئەمەش خۆیان ئاماده‌ نەکردبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە ڤایرۆسە.

ئێستاش  شەو و رۆژ  دکتۆر و پسپۆڕە پزیشکییەکان بەردەوام لە کارکردندان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ بنەبڕکردنی ئەم ڤایرۆسە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەو هەوڵانەی کە حکومەتی ئیتاڵیا ئێستا دەیدات بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و تەشەنە نەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە، لە سەرەتادا بیکردایە بەم حاڵە نەدەگەیشت، بەڵام بەداخەوە ململانێی نێو حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بووە هۆکاری پشتگوێ خستنی ڤایرۆسەکە. هیوادارین دوای بنەبڕکردنی  ڤایرۆسی کۆرۆنا پارتە سیاسییەکانی ئیتاڵیا سوود لەم ئەزموونە وەبگرن و دووبارەی نەکه‌نەوە.