ئیتاڵیا.. ژمارەی مردن بەهۆی كۆرۆنا تا دێت بەرز دەبێتەوە

زۆربەیان لە هەرێمی لۆمباردیا تۆماركراون

K24- هەولێر:

میدیاكانی ئیتاڵیا دوایین ئاماری تووشبوون و مردن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان بڵاوكردەوە و بەگوێرەی زانیارییەكان، تەنیا لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 202 حاڵەتی مردن لە هەرێمی لۆمباردیای باكووری ئەو وڵاتە تۆماركراون، بەمەش ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 1420 كەس هەڵكشا.

لەمبارەیەوە جۆلیۆ گالیرا، راوێژكاری چاودێری هەرێمی لۆمباردیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ 1367 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمەكەیان تۆماركراون.

دووپاتیشیكردەوە، كۆی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمەكەیان سنووری 14 هەزار كەسی تێپەڕاندووە و لەو ژمارەیەش 823 حاڵەت دۆخی تەندروستیان هەستیارە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گیانلەدەستدانی 368 كەس بەهۆی پەتاكە لە وڵاتەكەیان راگەیاند.

جێگای ئاماژەپێدانە، ئێستا ژمارەی تووشبووانی ئەو پەتایە لە ئیتاڵیا لەپێشەوەی وڵاتی چینە، كە لە سەرانسەری چین تەنیا 9 هەزار و 848 تووشبوو لە ژێر چاودێری پزیشكیدا ماونەتەوە، بەڵام لە سەرانسەری ئیتاڵیا ئێستا 20603 تووشبوو هەیە و لە ژێر چاودێری پزیشكیدان.

كۆی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان سنووری 172 هەزار كەسی تێپەڕاندووە، لەو ژمارەیەش 6 هەزار و 713 كەس گیانیان لەدەستدواە، لەكاتێكدا 77 هەزار 867 كەس لە پەتاكە چاكبوونەتەوە.

H.B