كارگەیەكی دروستكردنی دەمامك لە سەیدسادق دروستكرا

رۆژانە زیاتر لە ھەزار دەمامك دروست دەكەن
kurdistan24.net

K24 - سەیدسادق

کارگەیەکی بچوک بۆ دروستکردنی دەمامک لە شارۆچکەی سەیدسادق دروستکراوەو پابەندە بە رێنمایەکانی خۆپارێزی کارەکانیان دەکەن، تاوەکو ئێستا توانیویانە بێ بەرامبەر دەمامک ببەخشنە تەندروستی سەیدسادق و سەرجەم  فەرمانگە حکومییەكانی ناوچەكە، داواکارن ھاوکاری بکرێن تا لەم کاتەدا ئەوانیش بتوانن کارەکانیان بەردەوامی پێبدەن و گرفتی کەمی دەمامک لە ھەرێمی كوردستان دروست نەبێت.

لەو كارگەیەدا 12 كەس كاردەكەن، بە هەموویانەوە سەرقاڵی دروستکردنی دەمامک و پۆشاکی پزیشکین، دانانی ئەم کارگەیە لەکاتێکدایە کە لە هەرێمی کوردستان چەند حاڵەتێکی کۆرۆنا تۆمار کراوە، بۆیە هاووڵاتیانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە پێداویستییە خۆپارێزی زیاتر بەکار دەهێنن.

 خاوەنی یەكێك لە كارگەكان كە پێشتر بەهاوبەشی لەگەڵ دایکی کارگەی دورینی جل و بەرگیان هەبوو، بەڵام ئێستا کارگەکەیان تایبەت کردووە بە بەرهەمهێنانی دەمامک و پۆشاکی پزیشکی.

بەگوتەی ئەمیر بەهادین، خاوەنی کارگە جگە لەوەی بۆ مەبەستی قازانج و درووستکردنی هەلی کار بۆ چەند کەسێکی خەڵکی شارەکە، ھاوكات هاوکاری دامودەزگا تەندروستییەکان و هێزە ئەمنییەکانیش بە پێدانی دەمامک دەکرێت.

ئاماژە بەوەش دەكات، كوالێتی دەمامكەكان لە بەشێك لەو دەمامكانە باشترە كە ھاوردەی كوردستان دەكرێن.

لە كارگەی دروستكردنی دەمامك لە سەیدسادق رۆژانە لە ھەزار دەمامک دروست دەكرێت، تائێستاش توانیویان ژمارەیەکی زۆر لەم دەمامکانە رەوانەی شاری سلێمانی بکەن، وەک خۆیان دەڵێن کوالێتی دەمامکەکان و هەرزانیان وایکردووە خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمەکانیان هەبێت.