پەرلەمانتارێکی بریتانیا ستایشی هەڵوێستەکانی کڵۆپ دەکات

هه‌ڵوێسته‌كانی یۆرگن كڵۆپ له‌ په‌رله‌مانی بریتانیا باس ده‌كرێت

لەگەڵ دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تووشبوونی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی جیهان، زۆربەی سەرکردەکان، کەسایەتی و ناودارەکانی جیهان هەر یەکە و بە جۆرێک شرۆڤەی ئەم ڤایرۆسە دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە یۆرگن کلۆپ بەرێوەبەری هونەری لیڤەرپوول تەنها داوای ئەوە بووە خەڵک خۆیان بپارێزن.

رۆژنامەی میرەری بریتانی بڵاویکردووە (یان بێرن) پەرلەمانتاری حیزبی کرێکاران لە پەرلەمانی بریتانیا کە یەکێکە لە هاندەرانی رێدز ستایشی هەڵوێستەکانی راهێنەری ئەو یانەیەی کردووە و گوتوویەتی : "راهێنەرە ئەڵمانیەکە بە قسەکانی سەلماندی کە زیاتر لە زۆرێک له‌ سیاسیەکانی ئێمە شارەزایی و توانایەکی باشتری هەیە لە رێنمایی کردنی خەڵک، بۆیە هیوادارم هەموو سیاسیەکانی ئێمە وەکو ئەو نموونە بن و لە خەمی خەڵک بن ".

کلۆپ لەو کاتەی کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لێی دەپرسن قسەی چیە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە وەڵامدا  دەڵێت کە کاری ئەو نییە قسە لەسەر ئەم بابەتە بکات و تەنها داوای ئەوەیە کە خەڵک زیاتر خۆیان بپارێزن و تۆپی پێ بەرامبەر مرۆڤایەتی هیچ بەهایەکی نییە.