كۆشكی سپی داوای 850 ملیار دۆلار دەكات

كۆرۆنا كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆسەر ئابووری ئەمەریكا

K24 - ھەولێر

ئیدارەی ترەمپ بە ئامانجی پشتگیریكردنی ئابووری ئەمەریكا، داوای تەرخانكردنی 850 ملیار دۆلار دەكات.

رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای تەرخانكردنی 850 ملیار دۆلار دەكات، بە ئامانجی چارەسەركردنی ئەو كاریگەرییە نەرێنیانەی، كە بەرۆكی ئابووری وڵاتەكە دەگرێت لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوە جگە لەو پلانە بە پەلەیەی لەلایەن ترەمپەوە راگەیەندراوە بە تەرخانكردنی ھەزار دۆلار بۆ ھەر تاكێكی ئەمەریكی، چونكە نیویۆرك رایگەیاندووە، دەیەوێت فەرمان بە دانیشتووانەكەی بدات بۆ ماوەیەكی كاتی، لە ماڵەكانیان بمێننەوە.

رۆژنامەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئیدارەكەوە گواستیەوە ، ئیدارەكە داوا لە كۆنگرێس دەكات رەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی ئەو بڕە پارە زۆرە بكات بۆ ئەوەی ھەوڵەكانی رێگریكردن لەو ڤایرۆسە زیاتر بكەن. چاوەڕێش دەكرێت ئەو پاڵپشتییە بەشێوەی پارەداركردن و لە رێگەی بەخشین لە باج، پێشكەش بە كۆمپانیا ئەمەریكییه‌كان بكرێت.