ئاماری ئەمڕۆی قوربانیانی كۆرۆنا لە ئیتاڵیا تۆقێنەرە

ژمارەی كۆی مردووان لە 3 هەزار حاڵەت نزیك دەبێتەوە

K24- هەولێر:

دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا رایانگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 475 كەس بەهۆی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ئەو پەتایە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 2978 كەس.

بەگوێرەی میدیاكانی ئیتاڵیا، لەماوەی شەو و رۆژێك تەنیا لە هەرێمی لۆمباردیا 319 حاڵەتی مردن تۆماركراون، بەمەش تەنیا ژمارەی ئەوانەی لەو هەرێمە گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و 959 حاڵەت بەرز بووەوە.

میدیاكان ئاشكراشیانكرد، لە دوێنێوە هەزار و 433 حاڵەتی نوێی تووشبوون بەو پەتایە لە هەرێمی لۆمباردیا تۆماركراون، بەمەش كۆی ئەوانەی لە هەرێمیەكە تووشی پەتاكە بوونە، ژمارەیان بوو بە 17 هەزار و 713 حاڵەت.

بەگوێرەی ئامارێكی فەرمی ئەو وڵاتەش، رێژەی زیاتر لە 99%ی كۆی قوربانیانی پەتاكە نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە.

بەگوێرەی راپۆرتێكیش كە لەلایەن پەیمانگەی تەندروستی نیشتمانی ئیتاڵییەوە بڵاوكراوەتەوە، تەنیا رێژەی لە 0.8%ی ئەو كەسانەی بەهۆی كۆرۆنا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، كێشەی تەندروستیان نەبووە.

ئامارەكان ئاماژە بەوەش دەدەن، تا ئێستا 35 هەزار و 713 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سەرانسەری ئیتاڵیا تۆماركراون.

H.B