سربیا.. هه‌ركه‌سێك پابه‌ندی كه‌ره‌نتینه نه‌بێت سزای 12 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی سربیا، ئانا برنابیچ، رایگه‌یاند، هه‌ر كه‌س پێچه‌وانه‌ی بڕیاری كه‌ره‌نتینه‌كردن بجووڵێته‌وه و رێساكان پێشێل بكات، رووبه‌ڕووی سزای زیندانی تا ماوه‌ی 12 ساڵ ده‌بێته‌وه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی سربیا په‌یامێكی ئاراسته‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی وڵاته‌كه‌ی كرد، كه له ده‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و گوتی: ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی بڕیاری كه‌ره‌نتینه كردن بوه‌ستنه‌وه، ببنه هۆی تووشبوونی كه‌سێكی دیكه بۆ كۆرۆنا و گیانله‌ده‌ستدانی سزای 12 ساڵ زیندانتان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت.
پێشتر سه‌رۆكی سربیا، ئه‌لێكسه‌نده‌ر ڤۆچێچ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی له سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا راگه‌یاندبوو و سوپای بۆ پاراستنی ناوه‌ند و دامه‌زراوه پزیشكی و شوێنه‌كانی كه‌ره‌نتین كردن بڵاوكردبوویه‌وه.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزیدا سربیا سنووری خۆی له به‌رده‌م گه‌شتی بیانییه‌كان داخستووه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه ده‌بێت بچنه كه‌ره‌نتینه.
هه‌تا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له سربیا 88 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوونه.