پێترۆناس کارمەندەکانی لە کێڵگەی غەرافی عێراق دەکێشێتەوە

بەھۆی كۆرۆنا كارەكانی راگرتووە

K24 - ھەولێر

وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆمپانیای نەوتی پێترۆناسی مالیزی کارمەندەکانی لە کێڵگەی غەراف کشاندەوە کە کەوتووەتە باکووری پارێزگای زیقار.

ئەو کۆمپانیایە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرجەم کارمەندەکانی کە ژمارەیان نزیکەی 80 کارمەندی مالیزین لە عێراق کشاندووەتەوە، و لە کێڵگەی غەرافی نەوت لە باکووری پارێزگای زیقار کار دەکەن، و ئامانجیش لەو هەوڵە سەلامەتی تەندروستی کارمەندەکانیانە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

‌هاوکات ئەو کۆمپانیا مالیزیە رایگەیاند، کارەکانیان لە ناوچەی غەراف تا کاتێکی نادیار راگرتووە، و کۆمپانیاکە بەگوێرەی گرێبەستەکان رێوشوێنی پێویستی گرتووتە بەر بۆ خزمەتگوزاری پەرەپێدان و بەرهەمهێنان، کە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ لایەنە عێراقییە پەیوەندیدارەکان.