شارەزایەک هۆشداری لە لێکەوتەکانی داڕمانی نرخی نەوت دەدات

"لێکەوتەی نەرێنی دەبێت"

K24 - ھەولێر

محەمەد جبووری شارەزای نەوت و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق هۆشداری لە دابەزینی نرخی نەوت دەدات، و دەڵێت لێکەوتەی نەرێنی دەبێت لەسەر داهاتی ئەندامانی ئۆپێک و ئابووری جیهان بە گشتی.

جبووری لە لێدوانێکدا دەڵێت، هۆکاری سەرەکی ئەو داڕمانە راگەیاندنی جەنگی نرخە لە نێوان سعوودیە و رووسیا لەبارەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بە تایبەت دوای ئەوەی رووسیا پێشنیازی وڵاتانی ئۆپێکی بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان رەتکردەوە.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەداوە، کە رووسیا لە ساڵانی رابردوو هەماهەنگی لەگەڵ ئۆپێک کردووە، بەڵام دەرچوونی بەو شێوە کتوپڕە دەرگای لەبەردەم ئەو رکابەرییە کردەوە، کە بە ''جەنگی نرخەکان'' ناسراوە، بە جۆرێک رووسیا رایگەیاندووە بۆ ماوەی 5 - 6 ساڵ بەرگەی نرخی نەوت دەگرن لە ئاستی 30 دۆلاردا بێت، سعوودیەش وەڵامی داوەتەوە کە 500 ملیار دۆلار یەدەگیان هەیە و بەرگەی دابەزینی نرخی نەوت دەگرن.

لەبارەی چارەنووسی وڵاتانی دیکەی ئەندامی ئۆپێک جبووری دەڵێت، وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و کوێت کاریگەر دەبن، بەڵام زیادەی داراییان هەیە و دەتوانن بەرگە بگرن بۆ ماوەی ساڵێک بۆ دوو ساڵ، بەڵام ئەی چارەنووسی عێراق و نێجیریا و ڤەنزوێلا چی دەبێت؟ روونی دەکاتەوە کە عێراق لە هەمووان زیاتر زیانی بەردەکەوێت، دوای ئەویش هەریەکە لە نێجیریا و ڤەنزوێلا زیانمەند دەبن.

بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، هەناردەی نەوت زیاتر لە 95% داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، هاوکات ئەو وڵاتە زیاتر لە 130 ملیار دۆلار قەرزدارە، نرخی ئێستاش 25 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێکی نەوت، ئەوەش بەو واتای ئەوە دێت نرخی نەوتی سووکی بەسرە نرخەکەی لە دەوروبەری 10 دۆلارە، هاوکات ئەگەر نرخی گواستنەوەی باری دەریاییش لەبەرچاو بگرین کە 200% بەرزبووەتەوە بە (World Scale) ناوزەد دەکرێت، ئەوا دەبێت سۆمۆ قەرەبووی گواستنەوەی بارەکە بکات کە نزیکەی 30 دۆلار زیادبووە بەراورد بە نرخی جیهانی، ئەگەر ئەو هاوکێشەیەش بۆ نرخی نەوتی وەربگێڕین ئەوا نرخی بەرمیلێک بۆعێراق لە دەوروبەری 4 - 5 دۆلارە.

جبووری ئاماژە بەوەدەدات، ئەگەر نرخی نەوتی خاوی برێنت 25 دۆلار بێت لە بازاڕی ئەوروپا، ئەوا کۆمپانیای سۆمۆش داشکانی کردووە بۆ مانگی نیسانی داهاتوو، 5 دۆلاریش جیاوازی باری دەریاییە، بەوەش نرخی کۆتایی 10 دۆلارە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا، 18 دۆلاریشە بۆ بازاڕەکانی رۆژهەڵات. لەبارەی نەوتی قورسی بەسرەش نرخەکەی کەمترە لە تێچووی بەرهەمهێنانی.

ئەو شارەزا نەوتییە هۆشداریش دەدات، پڕۆژە بودجەی 2020 لەسەر بنەمای نرخی نەوت لە بازاڕەکان دانراوە، کە نرخی هەر بەرمیلێکی بە 56 دۆلار خەمڵێندراوە، بەوەش داهاتی عێراق 18 ملیار دۆلار دەبێت لە بڕی 60 ملیار دۆلار، چونکە بەشێکی گەورەی هەناردەی عێراق بۆ ولاتانی رۆژهەڵاتە، بەو کەمبوونەوەش بەغدا دەستەوەستان دەبێت لە پێدانی مووچە فەرمانبەران و خانەنشینان و گەڕاندنەوەی قەرزەکان.

لە درێژەی قسەکانیدا جبووری دەڵێت، تاکە سوودمەند لەو دۆخە کڕیارانی نەوتن لە جیهاندا، و سوودمەندانی سەرەکیش وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکان، چونکە جیاوازی داشکاندنەکان بۆ ئەوروپا و ئەمریکا زۆرە، سەرەڕای ئەوەش لە کرێی گواستنەوەی دەرەیایی قەرەبوو دەکرێنەوە کە زیاتر لە 30%. بۆیە ئەوەی قازانج دەکات لەو یارییە ئەوروپا و ئەمریکان.