دوای سێ رۆژ لە دابەزین نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە

گوشارەکانی کۆرۆنا زیادەی خستنەڕوو لەسەر بازاڕی نەوت بەردەوامە
K24- هەولێر:
نرخی نەوتی خاوی برێنت 9.2% و سووکی تێکساس 15.7% بەرزبوونەوە لە میانی مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نرخی نەوتی خاو بە رێژەی زیاتر لە سەدا 10 بەرزبووەوە.
ئەمەش لە کاتێکدا لە سەرەتای هەفتەوە لە دابەزینە و بۆ کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردووی دابەزی، بەڵام گوشارەکانی کەمبوونەوەی خواست بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیادەی خستنەڕوو لە لایەن سعوودیە و رووسیاوە لە سەر نەوت بەردەوامە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو 2.29 دۆلار و بە رێژەی 9.2% بۆ 27.16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنی چوارشەممەدا بۆ ئاستی 24.52 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە کە کەمترین ئاستی بووە لە ساڵی 2003ـەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش 3.20 دۆلار و بە رێژەی 15.7% بۆ 23.52 دۆلار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنێیدا بە رێژەی 25% بۆ کەمترین ئاستی 18 ساڵی رابردووی نزمبوونەوەی تۆمارکردبوو. بەڵام شڕۆڤەکاران پێشبینی دەکەن ئەو دەستکەوتانە کاتی بن، چونکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خواست کەمە و لەبەرامبەردا بازاڕی نەوت لە داڕمانە بەهۆی رێکنەکەوتنی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس و نوقمکردنی بازاڕ بە نەوت لەم مانگەدا.