یەكێتی ئەوروپا زیانپێگەیشتووانی كۆرۆنا قەرەبوو دەكاتەوە

بڕی 37 ملیار یۆرۆیان بۆ تەرخان دەكات

K24- برۆکسل:

ئەمڕۆ لەپەیامێکی ڤیدۆییدا، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئاشکرای کرد، بانکی ناوەندی ئەوروپا ئامادەیی خۆی نیشانداوە، بۆ خەرجکردنی بڕی 37 ملیار یۆرۆ بۆ قەرەبووکردنەوەی ھەموو ئەو چێشتخانە، ھوتێل و کۆمپانیایانەی لە ئەوروپا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخراون و زیانی ماددیان پێگەیشتووە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، ئێستا  ئەوروپا بووەتە ناوەندی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیھان، بۆیە ئەوان سەرجەم سنوورە وشکانی، ئاوی و ئاسمانییەکانیان داخستووە.

ڤۆندێرلاین ئاشکرای کرد، خەڵکێکی زۆری ئەوروپی لە وڵاتانی جیھان گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناو خێزان و کەسوکارەکانیان لە ئەوروپا، بۆیە ئەوان وەکو یەکێتی ئەوروپا بڕیاریاندا لەسەر ئەرکی خۆیان بە فڕۆکە لە ماوەی یەك ھەفتەدا 100 ھەزار ئەوروپی بگەڕێننەوە بۆ ناو خانەوادەكانیان.

ڤۆندێرلاین داوای لە ئەوروپییەکان کرد، پەیوەندی بە باڵوێزخانەکان و سایتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانیانەوە بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا .

H.B