"كریستیانۆ به‌هۆی ئه‌م هه‌واڵه‌ خۆشه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای له‌بیركرد"

كریستیانۆ هه‌واڵێكی خۆشی پێگه‌یشت

سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاند له‌ وڵاتی پورتوگاله‌وه‌ ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ ماریا دۆلۆریسی دایكی كریستیانۆ رۆناڵدۆ نه‌خۆشخانه‌ی جێهێشت و به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌كه‌یدا سه‌ركه‌وت.

رۆژنامه‌ی Recordـی پورتوگالی له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ته‌ندروستی دایكی كریستیانۆ به‌ره‌و باشترچووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌هۆی جه‌ڵته‌ی مێشكه‌وه‌ هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا كه‌وته‌ نه‌خۆشخانه‌وه‌ و كریستیانۆ رۆناڵدۆ به‌په‌له‌ له‌ ئیتاڵیاوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ پورتوگال بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری دۆخی ته‌ندروستی دایكی بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، كریستیانۆ دایكی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی نزیك شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆی له‌ دوورگه‌ی مادێرا دانا بوو، شه‌وی رابردوو نه‌خۆشخانه‌ی جێهێشتووه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئێستا له‌ شوێنێكی ته‌ندروست له‌ دوورگه‌ی مادێرا هاوشانی خانه‌واده‌كه‌ی نیشته‌جێبووه‌، دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی یوڤێنتۆس رێگه‌ی پێدا بگه‌ڕێته‌وه‌ پورتوگال و له‌ ماڵه‌كه‌یدا خۆی كه‌ره‌نتینه‌ بكات، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت دانیێلی رۆگانی یاریزانی هاوڕێی له‌ یانه‌ی یوڤێنتۆس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌، پاشان یاریزانێكی دیكه‌ی یوڤێنتۆس بلیز ماتویندی تووشی هه‌مان ڤایرۆس بوو.