بۆ چوارەم هەفتە لەسەر یەک نرخی نەوت دابەزینی تۆمارکرد

دابەزینی نرخی نەوت زیانی سەختی بە کۆمپانیاكان گەیاندووە

K24 - ھەولێر

لە کۆتایی مامەڵەکانی رۆژی هەینی نرخی نەوت بە رێژەی 10.7% دابەزینی تۆمارکرد، ئەوەش بە گەورەترین دابەزینی هەفتانە دادەنرێت لە دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991ـەوە.

هۆکاری دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە بەهۆیەوە خواست لەسەر نەوت دابەزیوە.

هاوکات بە گوتەی بەرپرسانی واشنتن، بڕیارە شاندێکی ئەمەریکا سەردانی سعوودیە بکات و لەبارەی لێکەوتەکانی کێشە و ناکۆکییەکانی رووسیا و سعودیە لەسەر نەوت گفتۆگۆ بکەن.

هاوکات بەشێک لە گەورە بازرگانانی نەوت وەک ڤیتۆل و کۆمپانیای توێژینەوە وزە ئی ئێچ ئێس مارکیت رایانگەیاندووە، خواست لەسەر نەوتی خاو لە 10% کەمی کردووە.

نرخی نەوتی خاوی ئەمەریکا بە رێژەی لە 29% دابەزینی هەفتانەی تۆمارکرد، کە لە دوای جەنگی کەنداوە لە 1991 زیانی بەو شێوەی تۆمار نەکردووە، و نرخی نەوتی خاوی برێنتیش بە رێژەی لە 20% دابەزینی تۆمارکرد، بەوەش هەردووکیان بۆ چوارەم هەفتە لەسەر یەک لە دابەزینن.

لە كۆتا مامەڵەكانی رۆژی ھەینی، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بە 29 دۆلار و تێکساس 22 دۆلار داخرا.