دابەزینی نرخی نەوت کێشەکانی عێراق قووڵتر دەکاتەوە

حكوومەتی عێراق دەخاتە بەردەم قەیرانی دانەوەی قەرزەکان

K24 - ھەولێر

لە عێراق نیگه‌رانییه‌كان بەهۆی به‌رده‌وام دابەزینی نرخی نەوت لە زیادبوونه‌ و ترس هەیە، حکوومەتی عێراق نەتوانێت قەرزەکانی بگەڕێنێتەوە و شایستەی دارایی فەرمانبەرانیش بدات، ئەوەش کێشەکانی عێراق قووڵتر دەکاتەوە، لە کاتێکدا حکوومەت رەتیدەکاتەوە ئەو دابەزینە کاریگەری لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەبێت.

نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە گوێرەی راپۆرتێکی ئیندێپێندت، ئەو دابەزینە ئاڵنگاری گەورە بۆ حکوومەتی عێراق دروست دەکات لە پێدانی شایستەی دارایی مووچه‌خۆران، شارەزایانی ئابووریش پێیان وایە رێوشوێنەکانی حکوومەت قەیرانەکە زیاتر دەکات و کێشەی گەورەتری ئابووری دروست دەکات، سەرەڕای بەرزبوونەوەی کورتهێنان کە پێشبینی دەکرێت حکوومەتی ناوەندی یەدەگی بانکی ناوەندی بەکار بهێنێت، بەو رێوشوێنانەش پێشبینی دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر ئابووری عێراق و بەهای دیناریش بەرامبەر دۆلار دابەزێت.

هاوکات لە پێگەی ئیندیپەیدت دا هاتووە، بودجەی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە هەناردەی نەوت بەستووە، کەرتەکانی دیکە بە گشتی لە دوای ساڵی 2003ـەوە دووچاری ئیفلیجی بوونە، لە وڵاتەکە سیاسەتێکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابووری نا نەوتی، لە لایەکی دیکەوە کۆی قەرزەکانی عێراق گەیشتووەتە 130 ملیار دۆلار.  هه‌روه‌ها تا ئێستا ئەو وڵاتە بێ بودجەیە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت کورتهێنانی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بۆ نزیکەی لە 80% بەرزبێتەوە.

لەو بارەیەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابووری حکوومەتی عێراق دەڵێت، پەککەوتنی بودجە و زیادبوونی خەرجییەکان، رێژەی بێکاری و هەژاری لە وڵاتەکە بەرزدەکاتەوە، بە تایبەت گەشەی زیادبوونی دانیشتووان لە وڵاتەکە بەهێزە، ئەوەش وادەکات دامەزراندنی چەندین پڕۆژەی گشتی لە وڵاتەکە پەکی بکەوێت، لە کۆتاییشدا کێشەکانی ئابووری وڵات زیاتر دەکات.

ئەحمەد سوبێح، شارەزایەکی ئابوورییه‌ و بڕوای وایه‌، عێراق بەرمیلێک نەوت بە 20 دۆلار دەفرۆشێت، لەو بڕەش 9 دۆلاری خەرجی بەرهەمهێنانە، واتا 11 دۆلاری لە بەرمیلێک نەوت ده‌بێته‌ داهات، بەوەش داهاتی وڵاتەکە 35 ملیار دۆلار لە بڕی 125 ملیار دۆلار، کە لە بودجەدا دیاریکراوە، ئەوەش بە واتای هەرەسهێنانی تەواوی ئابووری عێراق دێت.