بارسێلۆنا به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناچار ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌ستێره‌یه‌كی بێت
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندنی كه‌ته‌لۆنیا، یانه‌ی بارسێلۆنا به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا تووشی بووه ناچار ده‌بێت ئه‌ستێره‌یه‌كی یانه‌كه‌ی بفرۆشێت.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا ئاشكرای ده‌كات كه دووشه‌ممه‌ی رابردوو ئیداره‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تاوتوێی ئه‌و زیانه ئابوورییانه‌ی كردووه كه به‌هۆی وه‌ستانی خوله‌كان و ڤایرۆسی كۆرۆنا تێیكه‌وتووه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه بارسێلۆنا بڕیاریداوه مووچه‌ی یاریزانه‌كان كه‌مبكاته‌وه و ئانتوان گریزمانیش له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه بفرۆشێت.
رۆژنامه‌ی مۆندۆ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كه ئیداره‌ی بارسێلۆنا به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی هاوینی رابردوو كۆتینهۆ بفرۆشن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له قه‌یرانی دارایی رزگار بكه‌ن، كێشه‌كان زیاتر له‌سه‌ریان كه‌ڵه‌كه بووه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، بارسێلۆنا ئاماده‌یه به 100 ملیۆن یۆرۆ ده‌ستبه‌رداری ئانتوان گریزمان بێت، چه‌ندان یانه‌ش ئاره‌زووی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌یان هه‌یه، له‌وانه (مانچێسته‌ر یونایتد، پاریس سانجێرمان، چێڵسی و ئارسێناڵ).
گریزمانی ته‌مه‌ن 29 ساڵ، پێشتر له تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی ریال سوسیداد ده‌ستی به یاریكردن كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه له لالیگا له كۆی 202 یاری 52 گۆڵ و 18 ئاسیستی كرد، دواتر له 2014 به به‌های 30 ملیۆن یۆرۆ روویكرده ئاتڵێتیكۆ مه‌درید، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه 133 گۆڵ و 50 ئاسیستی كرد، پاشان له هاوینی رابردوو به 120 ملیۆن یۆرۆ هاته بارسێلۆنا، له‌گه‌ڵ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه له كۆی 37 یاری، 14 گۆڵ و 4 ئاسیستی كرد.