ئامانج به‌هۆی كێشه‌یه‌ك کوژرا كه‌ ئه‌و درووستی نه‌كردبوو

دادگا به‌ بێتاوان له‌ قه‌ڵه‌میدابوو

K24 - هه‌ولێر:

کاتژمێر 5:35 خولەکی، رۆژی 9/3/2020 لە نزیك گوندی ژاراوەی نزیك ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ری سه‌ر به‌ قه‌ڵادزێ، تەقە لە ئۆتۆمبێلێك دەکرێت، لە ئاکامدا هاووڵاتییه‌ك به‌ناوی ئامانج حەسەن تەمەن 32 ساڵ، کە خێزاندار و باوکی دوومنداڵ بوو، كوژرا.

کوردستان 24 بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کرد بۆ ئەوەی هۆکاری کوژرانی ئامانج بزانێت، بەرهەم جەلال برازای  ئامانج حەسەنی كوژراو، باسی هۆکاری  کوژرانی مامی کردو گوتی: "ئەو کێشەیه‌ بۆ مانگی 4ی 2019  دەگەڕێتەوە کاتێك خەڵکی گوندەکانی (دەشتێوان و خواران و باریکان وسێوەیس) بە تایبەتی گوندی دەشتێوان  مەڕەکانیان دەهێنا دەشتاییەکانی گوندی قەڵاتووکان بێئەوەی گوێ بە خاوەناکانیان بدەن مەڕوماڵاتیان لە دەشتاییەکە بەردەدا،  هه‌رچیی پووش و پاوان و لەوەڕ هەیە دەیان خوارد، بەڵام ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەبوو".

په‌ره‌سه‌ندنی كێشه‌كه‌

ئایاری 2019 کێشەی نێوان گوندی دەشێویەکان و قەڵاتوان پەرەیسەند.

بەرهەم گوتی: "تا مانگی 5ی ساڵی 2019، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەبوو، تا ئەو کاتەی خەڵکی  دەشتێوان  ویستیان هەموو گوندی قەڵاتووان داگیر بکەن، داوای تەواوی گوندەکەیان دەکرد، بەڵام خەڵكی گوندەکە قبوڵیان نەکرد چەند جارێک ئەوانیان ئاگادار کردەوەوە، کەواز لەو کارە بهێنن، بەڵام بێسودبوو".

بەرهەم گوتیشی: "ئەگەر بە رێزەوە هاتبان  وەک میوان ئێمە هیچ کێشەمان نەبوو، بەڵام ئەوان دەیانگوت گوندی خۆمانە، خەڵكی گوندەکەش ئەویان لا قبوڵ نەبوو".

بەڵام کەسوکاری سەرهەد، ئەو کوڕەی لە 24/9/2019 کوژرا، لە بارەی سەرهەڵدانی کێشەکە دەڵێن: "دوای چەندین دانیشتن بەچاودێری بەرپرسانی حزبی و حکومی و کەسایەتییەكانی ناوچەکە  هەوڵماندا کێشەکە چارەسەر بکرێت، وەک رابردوو بێ کێشە بین، بەڵام قبوڵیان نەکرد، بۆیە ئێمە داوامانکرد کار بەنووسراو بکرێت".

هاوكات جەخت لەوەش دەكەنەوە، ئەوان لە دانیشتنێكی كۆمەڵایەتیدا لە ماڵی كەسێكی دیاری ناوچەكە باسیان لەوە كردووە كە بۆ لەوەڕ، سنوور لە نێوان چەند گوندێكی ناوچەكە نەمێنێت، بەڵام دانیشتووانی هەندێك لە گوندەكان ئەوەیان رەتكردووەتەوە.

هەروەها دەڵێن: "ئێمە لەسەرجەم دانیشتنەکان تەنيا دوو داواکاریمان هەبووە کە بکرێ وەک ڕابردوو بە خزمایەتی و بێ کێشە بژین و هیچ سنوورێک لەنێواماندا نەبێ کەلایەنی بەرامبەر ئەوەیان ڕەتکردۆتەوە، داواکاری دووەمی ئێمە ئەوەبووە کە کار بەو نووسراوە بکرێ کە کاتی خۆی خۆیان نووسیویانە و هەردوو لا ئیمزامان کردووە".

كێشه‌كه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌ڵبه‌ند و ناحیه‌ چاره‌سه‌ر نه‌بوو

وەک بەرهەم باسی لێوەکرد ئەوان چەند جارێك لە مەڵبەندی یەکێتی، لە ناحیە کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵكی ئەو گوندە، بەڵام ئەوان هەر سووربوون لەسەر بەزاندنی سنوورەکان و قسەی ئێمەیان لا گرنگ نەبوو.

دوای ئەوەی خەڵکی گوندی قەڵاتووان و دەشتێوان چارەسەر نەبوو، وایلێهاتبوو خەڵکی گوندی دەشتێوان، رۆژانە 3 بۆ 4 کیلۆمەتر دەچوونە گوندی قەڵاتووان ئاژه‌ڵه‌كانییان له‌ له‌وه‌ڕگاكانی ئه‌وان ده‌كرد.

وەک بەرهەم ده‌ڵێت: "وایلێهات خەڵکی ئەو گوندە هەموو سنوورێکیان بەزاند و پرۆژەی ئاوی گوندەکەشیان تەقاندینەوە، ڕێگا سەرەکییەکانی گوندەکەشیان گرتبوو، ئێمە ناچار بووین بە ڕێگایەکی سەخت بڕۆین چەند کیلۆمەتر دوورتر بەس بۆ ئەوەی دوور بین لەکێشەی ئەوانە".

رۆژی 24/9/2019 خەڵكی گوندی دەشتێوان بەچەندین ئۆتۆمبێلی پڕچەکی قورس و مامناوەند، هێرشیان کردە سەر گوندی قەڵاتوان و گەماڕۆی گوندەکەیاندا، دواتر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ دۆخه‌كه‌یان هێوركرده‌وه‌.

بەرهەم ئاماژەی بەوەشدا ئەو رۆژەی هێرشیان کردە سەرمان، ئێمە بەرگریمان له‌خۆمان کرد لەو کاتەدا گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ش هێرشیان کردە سەر خەڵكی دەشتێوان، لە تەقەی نێوان خۆیان و گەریلاکان كه‌سێك به‌ناوی بە ناوی سەهەند عەلی تەمەن 34 ساڵ، كوژرا.

بەرهەم باسی دوای رووداوەکەی کرد و گوتی: "هەر چەندە ئێمە ئەومان نەکوشتبوو، بەڵام ئێمە ئامادەبووین بە هەموو جۆرێک سوڵحیان لەگەڵ بکەین چ بە ڕێگای عەشایەری چ بە رێگای یاسا سەر ئەنجام 10 پیاوی گوندی ئێمە خۆیان رادەستی پۆلیس کرد، چەندین پیاوی گەورە و ریش سپیمان نارد بۆ ئەوەی رازی بن سوڵحیان لەگەڵ بکەین، بەڵام بە هیچ شتێک رازی نەبوون".

دادگا: ئامانج بێتاوانه‌

ئامانج حەسەن یەکێک بوو لەو 10 پیاوەی کە خۆی رادەستی پۆلیس کرد، دوای 3 مانگ مانەوەی لە به‌ندیخانه‌، دادگا بە بێتاوان لە قەڵمیدا و ئازادكرا.

رۆژی 9/3/2020  ئامانج دەچێتە گوندی ژاراوە لای برایە گەورەکەی بۆ ئەوەی چارەیەك بۆ ئەو کێشەیه‌ بدۆزنەوە و سوڵح بکەن، لە رێگادا لە  نزیك گوندی ژاراوە، چەند ئۆتۆمبێلێك کە بە دوای ئامانج بوونە دەستڕێژی گوللـەی لێدەکەن دەیکوژن، کەسوکاری  ئامانجیش دەڵێن: "کەسوکاری سەهەند ئەویان کوشتووە، لە کامێراکانی چاودێریش دەرچووە بە دوای ئامانج بوونە کوشتیان".

کەسوکاری سەرهەد هەموو ئەو قسانە رەتدەکەنەوە کە کەسوکاری ئامانج دەیڵێن و دەڵێن: "کوڕەکەی ئێمە لە نێوان شەڕى خۆمان و پەکەکە نەکوژرا، بەڵکو ئەوان کوشتیان ئێمە هەوڵماندا کە کێشە نەمێنێت، بەڵام ئەوان کێشەکەیان گەورەکرد چەندین بەرپرسی حزبی و پیاوی گەورەی گوندەکەمان شایەدن، ئێمەش ئامانجمان نەکوشتووە".

کوردستان 24 پەیوەندی بە سۆران عەلی برای سەرهەد کرد بۆ ئەوەی له‌ راستی رووداوه‌كه‌ بكۆڵێته‌وه‌ و ئه‌وانیش قسه‌ی خۆیان بكه‌ن، سۆران گوتی: "ئەو رۆژەی کە ئامانج کوژراوە من  لەگەڵ براکانم و کەسە نزیکەکانم هەمووی بەیەکەوە لە گوند بووین، ئێمە پەیوەندیمان بە کوشتنی ئامانجه‌وە نییە و تا ئێستا نازانین کێ براکەی ئێمەشی کوشتووه‌، چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی پۆلیسین، لە خەڵکمان زانی کە ئامانج کوژراوە".

پۆلیس: کەیسەكە زۆر ئاڵۆزە

رائید شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین له‌ باره‌ی ئه‌م كه‌یسه‌ بە کوردستان 24ی راگەیاند، کەیسەکە "زۆر ئاڵۆزە"، پەیوەندی بە کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی هەیە، لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ستیانپێكردووه‌، تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان كۆتایی نێت، ناتوانن زانیاری لەسەر بده‌ن.