نەخۆشخانەیەكی سەیدسادق نۆژەن دەكرێتەوە و تایبەت دەكرێت بە تووشبووانی كۆرۆنا

لەسەر ئەركی خێرخوازان نۆژەن دەكرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سەیدسادق

لەلایەن خێرخوازن و سەرمایەدارانی سەیدسادقەوە، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا نۆژەن دەکرێتەوەو داواش لەسەرمایەداران دەکەن،  هاوکاری حکومەت بن، تاکۆتایی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تێپەڕاندی ئەم دۆخە نەخوازراوە.

کۆمەک و هاوکارییەکان تادێت روو لە زیادبوون دەکەن، زۆرێک لەسەرمایەدار و خاوەن موڵکەکان لە ناوچەکانی خۆیان دەستیان بەدروست کردن و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان کردووه، تاوەکوو لەم رێگەیەوە هاوکاری حکومەت و هاووڵاتییان بن، بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە.

حاجی عومەر، یەکێکە لەو خێرخوازانەی کە هاوکاری تەندروستی سەیدسادقی کردووە لە نۆژەنکردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە و چەندین کاری خێرخوازی دیکە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، داواش لەسەرمایەداران و خێرخوازان دەکات دەست لەناودەستی یەک بن، بۆ هاوکاری کردنی حکومەت و هاووڵاتییان.

دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای شارەزوور، ئەم هەڵوێستەی خێرخوازان بەرز دەنرخێنی و دەڵێت "ئێمە هەموو کار ئاسانیەک بۆ ئەو كەسانە دەکەین، کە بیانەوێت دەستی هاوکاری بۆ شارۆچکەکەمان درێژبکەن، بە هاوکاری ھەموو لایەك دەتوانین ئەم دۆخە تێپەڕێنین".

بڕیارە لەماوەی 20 رۆژی داهاتوودا کۆتایی بە کارەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بهێندریت كە لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەن دەكرێتەوە، تێچووی نۆژەنکردنەوەکە نزیکەی 250 هەزار دۆلارە.