ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە بەریتانیا زیادی كرد

335 حاڵەتی نوێی مردن تۆماركران

K24- هەولێر:

میدیاكانی بەریتانیا بڵاویانكردەوە، ژمارەی مردن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان بۆ 335 حاڵەت بەرز بووەوە.

لەم بارەیەوە وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 54 حاڵەتی مردن بەهۆی پەتاكە لە وڵاتەكەیان تۆماركراون.

دووپاتیشی كردەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی تا ئێستا تووشی ڤایرۆسەكە بوونە، بۆ 5 هەزار و 837 حاڵەت بەرز بووەتەوە.

پێشتریش هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا رایانگەیاندبوو، ژمارەی راستەقینەی تووشبووان و مردووانی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان زۆر لەوە زیاترە كە لە ئامارە فەرمییەكاندا رادەگەیەندرێن.

ئاماژەیان بەوەشدابوو، ئێستا كەرتی پزیشكی تەنیا پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكات، كە دۆخی تەندروستییان لە مەترسیدایە و لە دۆخێكی هستیاردان.

حكومەتی ئەو وڵاتە رێنمایی هاووڵاتیانیشی كرد، ئەوانەی كە چەند نیشانەیەكی سووكی هاوشێوەی كۆرۆنا لێیان بەدیار دەكەون، لە ماڵەوە بمێننەوە و سەردانی نەخۆشخانە نەكەن.

H.B