لە شاری هەولێر و قەزاو ناحیەكانی هاتوچۆی پیادەش قەدەغە كرا

هەر كەسێك سەرپێچی بكات رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێت

K24- هەولێر:

ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری ئەو شارە كۆبووەوە و دوای كۆبوونەكەش لە راگەیەندراوێكدا چەند رێكارێكی نوێی لە سنووری پارێزگاكە راگەیاند، گرنگترینیان ئەوە بوو كە هاتوچۆی پیادەش قەدەغە كرا.

دەقی راگەیەندراوەكە:

دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دریژکردنەوەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ تاوەکو 2020/4/1، ئەمشەو ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.

کۆبوونەوە بڕیاریدا:-

1- جگە لە قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمۆبێل، هاتوو چۆی پیادەش لەسەر جەم کۆڵانەکانی قەزا و ناحییەکان و ناوەندی شاری هەولێر قەدەغەیە، تەنها بۆ حاڵەتی کڕینی خوراك و پێویستی زۆر زەرور نەبێ، هیچ کەسێكی دیكە ڕێگەپێدراو نییە، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە، هەرکەسێك سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

2- سەرجەم مارکێت و سەمونخانە و نانەواخانەکان، ئەو شوێنانەی ڕێگەی کارکردنیان پێدراوە، پابەندنی تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دادەخرێن.

داواکارین لە تەواوی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر، پابەندبن بە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆ و ڕێنماییە تەندروستیەکان جێ بەجێ بکەن و لەماڵەکانیان بمێنەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پارێزگای هەولێر

2020/3/23

H.B